Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:31

[1] لەو کاتەدا قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟»

[2] ئەویش منداڵێکی بانگکرد و لە ناوەڕاستیاندا ڕایگرت،

[3] فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە شانشینی ئاسمان.

[4] بۆیە ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە.

[5] «ئەوەی بە ناوی من پێشوازی لە منداڵێکی وەک ئەمە بکات، پێشوازی لە من دەکات.

[6] بەڵام ئەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و نوقومی بنی دەریا بکرێت.

[7] «قوڕبەسەر جیهان لەبەر ئەو کۆسپانەی کە مرۆڤ تووشی گوناه دەکەن! چونکە کۆسپەکان هەر دەبێ هەبن، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی کۆسپەکان!

[8] ئەگەر دەستت یان پێت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە و فڕێیبدە. باشترە کە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو دەست یان دوو پێیەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە.

[9] ئەگەر چاوت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە بخرێیتە ئاگری دۆزەخەوە.

[10] «ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. ⌟

[11] چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە ونبووان ڕزگار بکات.⌞

[12] «ڕاتان چییە؟ ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟

[13] ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت!

[14] بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت.

[15] «ئەگەر خوشک یان براکەت خراپەی لەگەڵ کردیت، بڕۆ بە تەنها لەنێوان خۆت و خۆی گلەیی لێ بکە. ئەگەر گوێی لێگرتی، ئەوا براکەت بەدەستدەهێنیتەوە.

[16] خۆ ئەگەر گوێی نەگرت، یەک یان دوو کەس لەگەڵ خۆت ببە، تاکو [هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی بسەلمێنرێت.]

[17] ئەگەر بەگوێی نەکردن، بە کڵێسا بڵێ، ئەگەر بەگوێی کڵێساشی نەکرد، ئەوا بە بتپەرست و باجگری دابنێ.

[18] «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی لەسەر زەوی گرێی بدەن، لە ئاسمانیش گرێدراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە، لە ئاسمانیش کراوە دەبێت.

[19] «دیسان ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر دووان لە ئێوە لەسەر زەوی لەسەر هەر شتێک ڕێک بکەون، هەرچی داوا بکەن، لەلایەن باوکم کە لە ئاسمانە، بۆیان دەبێت،

[20] چونکە لە هەرکوێیەک دوو یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە، من لەوێ لەنێوانیاندا دەبم.»

[21] ئینجا پەترۆس هات و پێی گوت: «گەورەم، دەبێ چەند جار گەردنی براکەم ئازاد بکەم کە خراپەم لەگەڵ دەکات؟ تاکو حەوت جار؟»

[22] عیساش پێی فەرموو: «من پێت ناڵێم حەوت جار، بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار!

[23] «لەبەر ئەوە پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت ویستی حیساب لەگەڵ خزمەتکارەکانی بکات.

[24] کاتێک دەستی پێکرد، یەکێکیان بۆ هێنا دە هەزار کیسە زێڕ قەرزار بوو.

[25] کە هیچی نەبوو بیداتەوە، گەورەکەی فەرمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفرۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە.

[26] «لەبەر ئەوە خزمەتکارەکە لەبەردەمی چۆکی دادا و گوتی: ”لەسەرم ڕابوەستە، هەمووت دەدەمەوە.“

[27] گەورەی ئەو خزمەتکارە دڵی پێی سووتا، ئازادی کرد و لە قەرزەکە خۆشبوو.

[28] «ئەم خزمەتکارە ڕۆیشت، خزمەتکارێکی هاوکاری خۆی بینی کە سەد دینار قەرزاری بوو، ملی گرت و گوتی: ”ئەوەی بەسەرتەوەیە بمدەرەوە!“

[29] «خزمەتکارە هاوکارەکەی لەبەرپێی کەوت، لێی پاڕایەوە: ”لەسەرم ڕابوەستە، دەتدەمەوە.“

[30] «بەڵام ڕازی نەبوو، چوو فڕێیدایە زیندانەوە، هەتا قەرزەکەی بداتەوە.

[31] کاتێک خزمەتکارە هاوکارەکانیان ڕووداوەکەیان بینی، زۆریان پێ ناخۆش بوو، هاتن و هەموو ئەوەی ڕوویدابوو بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە.

[32] «ئەوسا گەورەکەی بانگی کرد و پێی گوت: ”خزمەتکاری بەدکار، لە هەموو ئەو قەرزە خۆشبووم، چونکە لێم پاڕایتەوە.

[33] ئایا نەدەبوو تۆش بەزەییت بە خزمەتکارە هاوکارەکەتدا بێتەوە، وەک بەزەییم پێتدا هاتەوە؟“

[34] جا گەورەکەی تووڕە بوو و دایە دەست جەلادەکانەوە، هەتا هەموو قەرزەکەی بداتەوە.

[35] «باوکی ئاسمانیشم واتان لێدەکات، ئەگەر هەریەکەتان لە دڵەوە گەردنی خوشکی یان براکەی ئازاد نەکات.»

مزگێنی بەپێی نووسینی مەتا — Chapters