[1] ئینجا فەریسی و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە لای عیسا و گوتیان:
[2] «بۆچی قوتابییەکانت نەریتی پیران دەشکێنن؟ پێش نانخواردن دەستیان ناشۆن!»
[3] ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەی بۆچی ئێوە لەبەر نەریتی خۆتان سەرپێچی لە ڕاسپاردەی خودا دەکەن؟
[4] چونکە خودا فەرموویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن] ، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.]
[5] بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی گوت: ’ئەوەی بەنیاز بووم بیدەمە ئێوە بۆ خودام تەرخان کردووە،‘
[6] ئەو ئەرکەی ناخەنە سەر کە ڕێزی دایک و باوکی بگرێت.“ جا لەبەر نەریتی خۆتان دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە.
[7] ئەی دووڕووان! سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینی باشی کردووە و دەڵێت:
[8] «[ئەم گەلە بەسەر لێوان ڕێزم لێ دەگرێت، بەڵام دڵی لێم دوورە.
[9] بەخۆڕایی دەمپەرستن، تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.]»
[10] عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «گوێ بگرن و تێبگەن.
[11] ئەوەی دەچێتە ناو دەمەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، ئەمە مرۆڤ گڵاو دەکات.»
[12] ئینجا قوتابییەکان هاتنە پێش و لێیان پرسی: «دەزانی کاتێک فەریسییەکان گوێیان لە قسەکە بوو بێزار بوون؟»
[13] وەڵامی دایەوە: «هەر ڕووەکێک باوکی ئاسمانیم نەیچاندبێت، هەڵدەکەنرێت.
[14] وازیان لێ بهێنن، ئەوانە کوێرن ڕابەرایەتی کوێرەکان دەکەن. ئەگەر کوێر ڕابەرایەتی کوێر بکات، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە.»
[15] پەترۆس پێی گوت: «ئەم نموونەیەمان بۆ ڕوون بکەوە.»
[16] عیسا فەرمووی: «ئێوەش هێشتا تێناگەن؟
[17] نازانن هەرچی دەچێتە ناو دەم دەڕواتە ناو سک، دوایی فڕێدەدرێتە دەرەوە؟
[18] بەڵام ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، لە دڵەوە دێت، ئەمە مرۆڤ گڵاو دەکات،
[19] چونکە بیری خراپ لە دڵەوە دەردەچێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، کفرکردن.
[20] ئەمانە مرۆڤ گڵاو دەکەن. بەڵام خواردن بەبێ دەست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناکات.»
[21] عیسا لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ ناوچەکانی سور و سەیدا.
[22] ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بە خراپی ڕۆحی پیسی تێدایە.»
[23] بەڵام عیسا بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.»
[24] وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.»
[25] بەڵام ژنەکە هات، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم یارمەتیم بدە!»
[26] وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
[27] ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.»
[28] ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.
[29] ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و هاتە لای دەریاچەی جەلیل، چووە سەر شاخێک و لەوێ دانیشت.
[30] ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە.
[31] تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد.
[32] ئینجا عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە، نەوەک لە ڕێگا بڕ نەکەن.»
[33] قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ناندانی ئەم هەموو خەڵکە؟»
[34] عیساش پێی فەرموون: «چەند نانتان پێیە؟» گوتیان: «حەوت، لەگەڵ چەند ماسییەکی بچکۆلە.»
[35] ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن.
[36] حەوت نان و ماسییەکانی برد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش دایانە خەڵکەکە.
[37] هەموو خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە.
[38] نانخۆران چوار هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.
[39] ئینجا عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد و سواری بەلەم بوو و هاتە سنووری مەگەدان.