Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 8:45

[1] کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، گەیشتنە بێت‌فاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و

[2] پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن.

[3] ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.»

[4] ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ:

[5] [بە شاری سییۆن بڵێن، ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە.]

[6] قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان.

[7] ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو.

[8] خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست.

[9] ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» «[پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!] » «هۆسانا بۆ خودا!»

[10] کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟»

[11] خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.»

[12] عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی وەرگێڕا.

[13] پێی فەرموون: «نووسراوە، [ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،] بەڵام ئێوە دەیکەنە [ئەشکەوتی دزان!] »

[14] نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە.

[15] بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» تووڕە بوون و

[16] لێیان پرسی: «گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟» عیساش پێی فەرموون: «بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە: «[لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە]؟»

[17] ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێت‌عەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە.

[18] بەیانی کە دەگەڕایەوە شار، برسی بوو.

[19] دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو.

[20] کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟»

[21] عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن، ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ وا دەبێت.

[22] جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.»

[23] کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»

[24] عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.

[25] لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟» لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن، گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“

[26] ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.»

[27] ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»

[28] ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“

[29] «ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو.

[30] «چووە لای دووەم و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو ، گەورەم!“ بەڵام نەچوو.

[31] «ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون،

[32] چونکە یەحیا بە ڕێگای ڕاستودروستی بۆ لاتان هات و ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. دواتر کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.»

[33] گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: «گەورەی ماڵێک هەبوو ڕەزێکی چاند، دەوروبەرەکەی پەرژین کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد.

[34] کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن.

[35] «ڕەزەوانەکان کۆیلەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و یەکێکیشیان بەردباران کرد.

[36] دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، هەمان شتیان لەوانیش کرد.

[37] لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد، گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“

[38] «بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“

[39] ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.

[40] «کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟»

[41] وەڵامیان دایەوە: «ئەو خراپەکارانە بە خراپی لەناودەبات و ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ.»

[42] عیسا پێی فەرموون: «قەت لە نووسراوە پیرۆزەکان نەتانخوێندووەتەوە: «[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە بوو بە گرنگترین بەردی بناغە ، ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە] ؟

[43] «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: شانشینی خوداتان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم دەدات.

[44] ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.»

[45] کاتێک کاهینانی باڵا و فەریسییەکان نموونەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات.

[46] لەبەر ئەوە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.

مزگێنی بەپێی نووسینی مەتا — Chapters