Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:25

[1] عیسا دووبارە بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی:

[2] «پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا.

[3] کۆیلەکانی نارد تاکو بانگهێشتکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست بێن.

[4] «دیسان کۆیلەی دیکەی نارد و گوتی: ”بە بانگهێشتکراوان بڵێن، ئەوەتا شێوم ئامادە کردووە، گا و دابەستەکانیشم سەربڕیوە و هەموو شتێک ئامادەیە. وەرنە زەماوەندەکە!“

[5] «بەڵام گوێیان نەدایێ و ڕۆیشتن، یەکێک بۆ کێڵگەکەی و ئەوی دیکە بۆ بازرگانییەکەی.

[6] ئەوانی دیکە کۆیلەکانی ئەویان گرت و سووکایەتییان پێ کردن و کوشتیانن.

[7] جا پاشا زۆر تووڕە بوو، سوپاکەی نارد و بکوژەکانی لەناوبرد و شارەکەیانی سووتاند.

[8] «ئینجا بە کۆیلەکانی گوت: ”زەماوەند ئامادەیە، بەڵام ئەوانەی کە بانگهێشتم کردن شایستە نەبوون،

[9] کەواتە بڕۆنە سەر ڕێگاکان و ئەوەی بینیتان بۆ زەماوەندەکە بانگهێشتی بکەن.“

[10] ئەو کۆیلانەش چوونە سەر ڕێگاوبانەکان و هەموو ئەوانەی لە باش و خراپ بینییان کۆیان کردنەوە، تاکو زەماوەندەکە پڕبوو لە میوان.

[11] «کاتێک پاشا هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ یەکێکی بینی جلی زەماوەندی لەبەر نەکردبوو.

[12] پێی دەڵێت: ”برادەر، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتییە ژوورەوە؟“ ئەو بێدەنگ بوو.

[13] «ئینجا پاشا بە خزمەتکارانی گوت: ”پەلبەستی بکەن و فڕێیبدەنە تاریکی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.“

[14] «چونکە بانگهێشتکراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن.»

[15] ئینجا فەریسییەکان ڕۆیشتن و تەگبیریان کرد چۆن عیسا بە قسەی خۆی تووش بکەن.

[16] قوتابییەکانی خۆیان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای و گوتیان: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و ڕێگای خودا بە ڕاستی فێردەکەیت و گوێ بە کەس نادەیت، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت.

[17] کەواتە پێمان بفەرموو ڕات چییە: دروستە سەرانە بدەینە قەیسەر یان نا؟»

[18] عیسا کە بە نیازخراپی ئەوانی دەزانی، فەرمووی: «ئەی دووڕووان، بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟

[19] پارەی سەرانەم پیشان بدەن.» ئەوانیش دینارێکیان بۆ هێنا.

[20] پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»

[21] وەڵامیان دایەوە: «قەیسەر.» پاشان پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.»

[22] کە گوێیان لێبوو سەرسام بوون، ئینجا بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن.

[23] لە هەمان ڕۆژدا سەدوقییەکان هاتنە لای، کە بڕوایان بە زیندووبوونەوەی دوای مردن نییە، پرسیاریان لێکرد:

[24] «مامۆستا، موسا فەرمووی، ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە.

[25] جا لەلای ئێمە حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت،

[26] بە هەمان شێوە دووەم و سێیەم تاکو حەوتەم.

[27] لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد.

[28] ئایا لە هەستانەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە؟ چونکە هی هەموویان بووە.»

[29] عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا.

[30] لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن.

[31] بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە و دەفەرموێ:

[32] [من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم] ؟ خودا خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.»

[33] خەڵکەکە کە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون.

[34] بەڵام فەریسییەکان بیستیان کە عیسا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، پێکەوە کۆبوونەوە.

[35] یەکێکیان تەوراتناس بوو، پرسیاری لێکرد تاکو تاقی بکاتەوە:

[36] «مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردەی تەورات چییە؟»

[37] عیسا پێی فەرموو: «[بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.]

[38] ئەمە گرنگترین و یەکەم ڕاسپاردەیە.

[39] دووەمیشیان وەک ئەو وایە: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.]

[40] جا هەموو تەورات و پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە بەندن.»

[41] کاتێک فەریسییەکان کۆببوونەوە، عیسا لێی پرسین:

[42] «دەربارەی مەسیح چی دەڵێن، کوڕی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «کوڕی داودە.»

[43] ئەویش پێی فەرموون: «کەواتە، چۆن داود بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“؟ چونکە دەڵێ:

[44] «[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“]

[45] بۆیە ئەگەر داود پێی بڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»

[46] جا کەسیان نەیانتوانی بە وشەیەکیش وەڵامی بدەنەوە، لەو ڕۆژەشەوە ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.

مزگێنی بەپێی نووسینی مەتا — Chapters