[1] «لەم کاتەدا شانشینی ئاسمان وەکو دە پاکیزە دەبێ، کە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن.
[2] پێنج لەوان گێل بوون، پێنجیش دانا.
[3] گێلەکان چراکانیان برد و زەیتیان لەگەڵ خۆیان نەبرد.
[4] بەڵام داناکان لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لەناو گۆزەدا برد.
[5] کاتێک زاوا دواکەوت، هەموو خەویان هات و نوستن.
[6] «لە نیوەشەودا هاوار کرا: ”ئەوەتا زاوا هات! بەرەو پیری بچن!“
[7] «هەموو ئەو پاکیزانەش هەستان و چراکانیان ئامادە کرد.
[8] گێلەکان بە داناکانیان گوت: ”لە زەیتەکەی خۆتان بەشمان بدەن، چونکە چراکانمان دەکوژێتەوە!“
[9] «بەڵام داناکان وەڵامیان دانەوە: ”لەوانەیە بەشی ئێمە و ئێوە نەکات. چاکترە بچنە لای فرۆشیاران و بۆ خۆتان بکڕن.“
[10] «کە ئەوان بۆ کڕین چوون، زاوا هات، ئەوانەی بۆ زەماوەندەکە ئامادەبوون، لەگەڵی چوونە ژوورەوە و دەرگا داخرا.
[11] «پاشان پاکیزەکانی دیکەش هاتن و گوتیان: ”گەورەم، گەورەم! دەرگامان لێ بکەرەوە!“
[12] «وەڵامی دایەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، من ناتانناسم.“
[13] «کەواتە ئێشک بگرن، چونکە ڕۆژ و کاتەکە نازانن.
[14] «دیسان، شانشینی ئاسمان وەک پیاوێکە گەشت بکات، کۆیلەکانی بانگ دەکات و موڵکەکەی خۆی دەداتە دەستیان.
[15] پێنج کیسە زێڕی دایە یەکێکیان و ئەوی دیکە دوو کیسە و سێیەمیش یەک کیسە، هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی، یەکسەریش چووە گەشت.
[16] ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و ئیشی پێوە کرد، پێنجی دیکەشی بەدەستهێنا.
[17] بە هەمان شێوە ئەوەی دوو کیسە زێڕەکەش، دووی دیکەی بەدەستهێنا.
[18] بەڵام ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و چاڵێکی لە زەویدا هەڵکەند و زێڕی گەورەکەی شاردەوە.
[19] «دوای ماوەیەکی زۆر گەورەی ئەو کۆیلانە دێت و حیسابیان لەگەڵ دەکات.
[20] ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرت، دێت و پێنج کیسەی دیکەش دەهێنێت و دەڵێت: ”گەورەم تۆ پێنج کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا پێنج کیسە زێڕی دیکەم بەدەستهێناوە.“
[21] «گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“
[22] «هەروەها ئەوەی دوو کیسە زێڕەکە هات و گوتی: ”گەورەم تۆ دوو کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا دوو کیسە زێڕی دیکەم بەدەستهێناوە.“
[23] «گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“
[24] «ئینجا ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو هات و گوتی: ”گەورەم، زانیم تۆ پیاوێکی سەختیت، شوێنێک دەدرویتەوە کە تۆوت نەکردووە، لە شوێنێک کۆدەکەیتەوە کە شەنەبات نەکردووە،
[25] جا ترسام و چووم کیسە زێڕەکەتم لەناو زەویدا شاردەوە. ها ئەوە ماڵەکەتە.“
[26] «گەورەکەی وەڵامی دایەوە: ”ئەی کۆیلەی خراپ و تەوەزەل! کە زانیت من دروێنە لەو شوێنە دەکەم کە تۆوم نەکردووە، لەوە کۆدەکەمەوە کە نەموەشاندووە،
[27] دەبووایە زێڕەکەمت لە بانک دابنابووایە، لە گەڕانەوەمدا ئەوەی هی منە لەگەڵ سووەکەی وەرمدەگرتەوە.
[28] «”لەبەر ئەوە ئەو کیسە زێڕەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زێڕەکەی پێیە،
[29] چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.
[30] کۆیلە بێ سوودەکەش فڕێبدەنە تاریکی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.“
[31] «کاتێک کوڕی مرۆڤ بە شکۆی خۆی دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، ئەوسا لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت.
[32] هەموو نەتەوەکان لەبەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەک شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە.
[33] جا مەڕەکان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێت، بەڵام بزنەکان لەلای چەپ.
[34] «ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەفەرموێ: ”وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەتی پێدان، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە،
[35] چونکە برسی بووم و نانتان دام، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە.
[36] ڕووت بووم جلتان لەبەرکردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام.“
[37] «ئەوسا ڕاستودروستان وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی بینیوە و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟
[38] کەی تۆمان بە نامۆیی بینیوە و شوێنمان کردوویتەوە، یان بە ڕووتی و جلمان لەبەرکردوویت؟
[39] کەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆ لات؟“
[40] «ئینجا پاشا وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە.“
[41] «دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەفەرموێ: ”لێم دوور بکەونەوە! ئەی ئەوانەی کە نەفرەتتان لێکراوە بەرەو ئاگری هەتاهەتایی، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەکانی ئامادە کراوە،
[42] چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ،
[43] نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم جلتان لەبەر نەکردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەرتان لێ نەدام.“
[44] «ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی یان تینوو یان نامۆ یان ڕووت یان نەخۆش یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەکردوویت؟“
[45] «ئەویش وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم بچووکانە نەکردووە، بۆ منتان نەکردووە.“
[46] «ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی.»