[1] لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێتلەحمی یەهودیا ، لە سەردەمی شا هێرۆدس ، هەندێک مۆغ لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم،
[2] پرسییان: «کوا ئەوەی لەدایک بووە کە پاشای جولەکەیە؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.»
[3] کاتێک شا هێرۆدس ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان.
[4] هەموو کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتی گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟»
[5] وەڵامیان دایەوە: «لە بێتلەحم لە یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە ئاوای نووسیوە:
[6] «[بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی خاکی یەهودا، کەمتر نیت لە فەرمانڕەواکانی یەهودا، چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت، شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.] »
[7] هێرۆدسیش بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن.
[8] ئینجا بۆ بێتلەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.»
[9] لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، ئەستێرەکەی لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت هەتا لەسەر ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو ڕاوەستا.
[10] بە بینینی ئەستێرەکە زۆر شادمان بوون،
[11] چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوین و کڕنۆشیان بۆ برد و گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان بە دیاری پێشکەش کرد.
[12] ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.
[13] کە ڕۆیشتن، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە منداڵەکە و دایکی ببە و ڕاکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس خەریکە بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.»
[14] ئەویش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت.
[15] هەتا مردنی هێرۆدس لەوێ مایەوە، هەتا ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی، کە دەفەرموێ: [لە میسرەوە بانگی کوڕەکەی خۆمم کرد.]
[16] کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خوارتر لە بێتلەحم و دەوروبەری کوشت.
[17] ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی:
[18] [دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا، گریان و شیوەنێکی گەورە، ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت، ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت، چونکە نەماون.]
[19] کاتێک هێرۆدس مرد، فریشتەیەکی یەزدان لە میسر هاتە خەونی یوسف و
[20] گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و بڕۆ بۆ خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوانەی بۆ ژیانی منداڵەکە دەگەڕان مردن.»
[21] ئەویش هەستا، منداڵەکە و دایکی برد و گەڕایەوە خاکی ئیسرائیل.
[22] بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هێرۆدسی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. دوای ئەوەی لە خەوندا ئاگادار کرایەوە، گەڕایەوە ناوچەی جەلیل.
[23] جا هات و لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ بوو بە ناوی ناسیرە، هەتا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەران گوترابوو بێتە دی: [بە ناسیرەیی ناودەبردرێت.]