Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:28

[1] هەر لەو ڕۆژانەدا، یەحیای لەئاوهەڵکێش لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند،

[2] دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»

[3] ئەمەش ئەوەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە: [کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»]

[4] جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری دەبەست، خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو.

[5] ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای،

[6] لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران و دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا.

[7] کە بینی زۆر لە فەریسی و سەدوقی بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟

[8] با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە.

[9] پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات.

[10] ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.

[11] «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم پێڵاوەکانی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت .

[12] شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی ، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»

[13] ئینجا عیسا لە جەلیلەوە هاتە ئوردون، تاکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت.

[14] بەڵام یەحیا دەیویست ڕایگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»

[15] عیساش وەڵامی دایەوە: «ئێستا ڕێگا بدە، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە هەتا هەموو ڕاستودروستییەک تەواو بکەین.» ئینجا ڕێی دا.

[16] کاتێک عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، دەستبەجێ لە ئاوەکە هەستایەوە. ئەوە بوو ئاسمانی بۆ کرایەوە و بینی ڕۆحی خودا وەک کۆترێک نیشتەوە و هاتە سەری.

[17] دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»

مزگێنی بەپێی نووسینی مەتا — Chapters