Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:54

[1] ئینجا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دەسەڵاتی پێدان تاکو ڕۆحی پیس دەربکەن و هەرچی نەخۆشی و نەساغی هەبوو چاک بکەنەوە.

[2] ئەمانەش ناوی دوازدە نێردراوەکەیە: یەکەمین، شیمۆن کە بە پەترۆس ناودەبردرا و ئەندراوسی برای، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای،

[3] فیلیپۆس و بەرتۆلماوس، تۆماس و مەتای باجگر، یاقوبی کوڕی حەلفا و تەداوس،

[4] شیمۆنی کانەوی و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.

[5] عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد، فەرمانی پێ کردن: «بە ڕێگای نەتەوەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان،

[6] بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل.

[7] کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“

[8] نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن.

[9] زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن،

[10] نە توورەکە بۆ ڕێگا، نە دوو کراس و نە پێڵاوی زیاد و نە گۆچانیش، چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.

[11] «چوونە هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە.

[12] کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن.

[13] ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆیان بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە.

[14] ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن.

[15] ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، دۆخی خاکی سەدۆم و عەمۆرا سزای سووکتر دەبێت لەوەی ئەم شارە.

[16] ئەوەتا من وەک مەڕ بەناو گەلە گورگدا دەتاننێرم. جا وەک مار ژیر بن و وەک کۆتر لە خراپە بێبەری بن.

[17] «لە خەڵکی بەئاگابن، چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکانیان بە قامچی لێتان دەدەن،

[18] لەبەر من دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوایان و پاشایان، وەک شایەتێکی من بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش.

[19] کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن، نیگەران مەبن کە چی بڵێن و چۆن بڵێن، لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن،

[20] چونکە ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.

[21] «برا برای خۆی بۆ مردن بە گرتن دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن.

[22] لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

[23] کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی ئیسرائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی کوڕی مرۆڤ .

[24] «قوتابی لە مامۆستاکەی بەرزتر نییە و کۆیلەش لە گەورەکەی بەرزتر نییە.

[25] بۆ قوتابی بەسە وەک مامۆستاکەی بێت و کۆیلەش وەک گەورەکەی. ئەگەر خاوەن ماڵ بە ”بەعل‌زەبول“ ناو ببردرێت، چەند زیاتر خانەوادەکەی؟

[26] «لەبەر ئەوە لێیان مەترسن، چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت.

[27] ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم، لە ڕووناکی بیڵێنەوە، ئەوەی بە چرپە دەیبیستن، لە سەربانەکان جاڕبدەن.

[28] لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت.

[29] ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی.

[30] ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە.

[31] کەواتە مەترسن، ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.

[32] «بۆیە ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، دانی پێدا دەنێم.

[33] بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، نکۆڵی لێ دەکەم.

[34] «وا مەزانن کە هاتووم تاکو ئاشتی بهێنمە سەر زەوی. نەهاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، بەڵکو شمشێر!

[35] چونکە من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی «[کوڕ لە باوکی و کچ لە دایکی و بووک لە خەسووی،

[36] دوژمنی مرۆڤیش لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.]

[37] «ئەوەی باوک یان دایکی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. ئەوەی کوڕ یان کچی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە.

[38] ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت شایانی من نییە.

[39] ئەوەی ژیانی خۆی بدۆزێتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لەبەر من بدۆڕێنێت دەیدۆزێتەوە.

[40] «ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازیم بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە منی ناردووە.

[41] ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک بکات بە ناوی پێغەمبەر، ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت. ئەوەش پێشوازی لە پیاوچاکێک بکات بە ناوی پیاوچاک، ئەوا پاداشتی پیاوچاکێک وەردەگرێت.

[42] ئەوەی تەنها جامە ئاوێکی سارد بداتە یەکێک لەم بچووکانە، لەبەر ئەوەی قوتابی منن، ڕاستیتان پێ دەڵێم: پاداشتی ون نابێت.»

مزگێنی بەپێی نووسینی مەتا — Chapters