Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:35

[1] کاتێک عیسا لەم قسانە بووەوە، جەلیلی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا، لە پشت ڕووباری ئوردون.

[2] خەڵکێکی زۆر دوای کەوت، ئەویش لەوێ چاکیکردنەوە.

[3] هەندێک فەریسی هاتنە لای بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە، گوتیان: «ئایا دروستە مێرد لەبەر هەر هۆیەک بێت ژنەکەی تەڵاق بدات؟»

[4] عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە، ئەوەی لە سەرەتاوە بەدیهێناوە [بە نێر و مێ بەدیهێنان] ؟

[5] هەروەها فەرمووی: [لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.]

[6] کەواتە چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»

[7] لێیان پرسی: «ئەی بۆچی موسا فەرمانی داوە تەڵاقنامە بدرێت و تەڵاق بکەوێت؟»

[8] پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان موسا ڕێی پێدان ژنەکانتان تەڵاق بدەن، ئەگینا لە سەرەتاوە وا نەبوو.

[9] بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»

[10] قوتابییەکانی پێیان گوت: «ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت، باشترە ژن نەهێنێت!»

[11] بەڵام عیسا پێی فەرموون: «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن، تەنها ئەوانەی پێیان دراوە.

[12] خەساو هەن زگماکن، خەساویش هەن مرۆڤ خەساندویانن ، خەڵکیش هەیە بڕیاریان داوە لە پێناوی شانشینی ئاسمان وەک خەساو بژین . کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات.»

[13] ئینجا خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت و نوێژ بکات، کەچی قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن.

[14] بەڵام عیسا فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی ئاسمان هی وەک ئەمانەیە.»

[15] دەستی لەسەر دانان و لەوێ ڕۆیشت.

[16] ئینجا یەکێک هاتە لای و گوتی: «مامۆستا، چ چاکەیەک بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتاییم هەبێت؟»

[17] عیسا وەڵامی دایەوە: «بۆچی لەبارەی چاکەوە پرسیارم لێ دەکەیت؟ تەنها یەکێک چاکە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە، ڕاسپاردەکان بەجێبگەیەنە.»

[18] پێی گوت: «کامیان؟» عیساش فەرمووی: «[مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە،

[19] ڕێزی دایک و باوکت بگرە،] هەروەها [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.] »

[20] گەنجەکەش پێی گوت: «ئەمانەم هەمووی کردووە، ئیتر لە چیم کەمە؟»

[21] عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر دەتەوێت تەواو بیت، بڕۆ سامانەکانت بفرۆشە و بیدە هەژاران، ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە دوام بکەوە.»

[22] بەڵام گەنجەکە کە ئەم وشەیەی بیست، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.

[23] عیساش بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: دەوڵەمەند بە سەختی دەچێتە ناو شانشینی ئاسمانەوە.

[24] دیسان پێتان دەڵێم: ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»

[25] قوتابییەکان کە گوێیان لەمە بوو زۆر سەرسام بوون، گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»

[26] عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «ئەمە بۆ مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»

[27] ئینجا پەترۆس وەڵامی دایەوە و پێی گوت: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین، ئێمە چیمان بۆ دەبێت؟»

[28] عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە نوێبوونەوەدا ، کاتێک کوڕی مرۆڤ لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت، ئێوەش کە دوام کەوتوون لەسەر دوازدە تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن.

[29] هەرکەسێکیش لەبەر ناوی من، ماڵ یان برا یان خوشک یان دایک یان باوک یان منداڵ یان کێڵگەی بەجێهێشتووە، سەد ئەوەندە وەردەگرێتەوە و ژیانی هەتاهەتاییش بە میرات وەردەگرێت.

[30] بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»

مزگێنی بەپێی نووسینی مەتا — Chapters