[1] «هۆشیار بن. نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن، بۆ ئەوەی بتانبینن. ئەگینا لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت.
[2] «لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، لەپێش خۆت زوڕنا لێمەدە وەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، تاکو لەلایەن خەڵک ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە.
[3] بەڵام تۆ کە خێرێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات،
[4] تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت. باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.
[5] «کاتێک نوێژ دەکەن وەک دووڕووان مەبن، چونکە ئەوان حەز دەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکان نوێژ بکەن، تاکو بۆ خەڵک دیار بن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە.
[6] بەڵام تۆ کاتێک نوێژ دەکەیت، بڕۆ ژوورەکەت و دەرگا لەسەر خۆت دابخە، نوێژ بکە بۆ باوکی نەبینراوت. باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.
[7] کاتێک نوێژ دەکەن، وەک بتپەرستان ئەوەندە وشەکان دووبارە مەکەنەوە، چونکە وادەزانن بە زۆر گوتنیان گوێیان لێ دەگیرێت.
[8] لەبەر ئەوە وەک ئەوان مەبن، چونکە باوکتان دەزانێت پێویستیتان بە چییە، پێش ئەوەی داوای لێ بکەن.
[9] «بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نوێژ بکەن و بڵێن: «”ئەی باوکمان لە ئاسمان، با ناوت پیرۆز بێت،
[10] با پاشایەتییەکەت بێ ، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان.
[11] نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ.
[12] لە گوناهەکانمان خۆشبە، هەروەک ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.
[13] مەمانخەرە تاقیکردنەوە، بەڵکو لە شەیتان ڕزگارمان بکە.“
[14] ئەگەر گەردنی خەڵکی لەبەر خراپەکانیان ئازاد بکەن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان لێتان خۆشدەبێت.
[15] بەڵام ئەگەر گەردنی خەڵکی ئازاد نەکەن، ئەوا باوکیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.
[16] «کاتێک بەڕۆژوو دەبن، ڕووگرژ مەبن وەک دووڕووان، چونکە ڕوویان دەگۆڕن تاکو بۆ خەڵکی دەربخەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە.
[17] بەڵام تۆ کە بەڕۆژوو دەبیت، سەرت چەور بکە و دەموچاوت بشۆ،
[18] تاکو بۆ خەڵک دەرنەکەوێت کە بەڕۆژوویت، تەنها باوکی نەبینراوت نەبێت، باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.
[19] «لەسەر زەوی گەنجینە بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن، دز دەیبڕێت و دەیدزێت.
[20] بەڵکو گەنجینە بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن، دزیش نایبڕێت و نایدزێت،
[21] چونکە گەنجینەکەت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
[22] «چاو چرای جەستەیە، ئەگەر چاوت ساغ بێت، ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە،
[23] بەڵام ئەگەر چاوت خراپ بێت، ئەوا هەموو جەستەت تاریک دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە تاریکی بێت، ئاخۆ دەبێ تاریکی چۆن بێت!
[24] «کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.
[25] «بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە؛ هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە؟ یان جەستە لە پۆشاک؟
[26] سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن، نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە لەوان بەنرختر نین؟
[27] کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟
[28] «هەروەها بۆچی خەمی پۆشاکتانە؟ سەیری گوڵی کێوی بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت،
[29] بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە.
[30] ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین هەتا پۆشتەتان بکات!
[31] جا خەم مەخۆن بڵێن ”چی بخۆین؟“ یان ”چی بخۆینەوە؟“ یان ”چی بپۆشین؟“
[32] چونکە بێباوەڕان هەوڵ بۆ هەموو ئەمانە دەدەن، باوکی ئاسمانیشتان دەزانێت پێویستیتان بە هەموو ئەوانە هەیە.
[33] بەڵکو یەکەم جار داوای پاشایەتییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەبێت.
[34] لەبەر ئەوە خەمی بەیانی مەخۆن، چونکە بەیانی خەمی خۆی دەخوات. هەر ڕۆژێک خراپی خۆی بەسە.