[1] لەو کاتەدا هێرۆدسی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای جەلیل ناوبانگی عیسای بیست،
[2] بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردوواندا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»
[3] هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو و پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە،
[4] چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.»
[5] هێرۆدسیش دەیویست بیکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
[6] لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لەناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد،
[7] ئەوە بوو بە سوێندەوە بەڵێنی پێیدا، چی حەزی لێ بێت بیداتێ.
[8] کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.»
[9] پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر سوێندەکان و میوانەکان، فەرمانی دا بیدەنێ.
[10] ئینجا ناردی و لە زیندان سەری یەحیایان پەڕاند و
[11] سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی.
[12] قوتابییەکانی هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتییان. ئینجا هاتن هەواڵیان دایە عیسا.
[13] کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن.
[14] کاتێک عیسا لە بەلەم دابەزی و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆری بینی، دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە.
[15] کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای، گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»
[16] بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»
[17] ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.»
[18] ئەویش فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە.»
[19] فەرمانی بە خەڵکەکە دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد، ئینجا دایە قوتابییەکان و ئەوانیش دایانە خەڵکەکە.
[20] هەموو خواردیان و تێر بوون، پاشان لەو پەلکەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە.
[21] نانخۆران نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.
[22] دەستبەجێ قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بڕۆنە ئەوبەر، تاکو خەڵکەکە بەڕێ دەکات.
[23] کاتێک خەڵکەکەی بەڕێکرد، بە تەنها چووە سەر شاخ تاکو نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو،
[24] بەلەمەکەش ماوەیەکی زۆر لە وشکانییەوە دوور کەوتبووەوە، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە بایەکە پێچەوانە بوو.
[25] پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت.
[26] کاتێک قوتابییەکان بینییان لەسەر دەریاچەکە دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد.
[27] دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! منم. مەترسن.»
[28] پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.»
[29] فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت.
[30] بەڵام کاتێک بینی ڕەشەبایە، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!»
[31] عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتییەوە و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟»
[32] کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، بایەکە وەستا.
[33] ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.»
[34] کاتێک پەڕینەوە، هاتنە خاکی جەنیسارەت.
[35] خەڵکی ئاوایی عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا.
[36] لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێیدا چاکبوونەوە.