[1] لەو کاتەدا، لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی برسییان بوو، دەستیان بە گوڵەگەنم پرواندن و خواردنی کرد.
[2] کە فەریسییەکان بینییان، پێیان گوت: «تەماشا بکە، ئەوەی قوتابییەکانت دەیکەن دروست نییە لە شەممەدا بکرێت.»
[3] ئەویش پێی فەرموون: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد ، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟
[4] چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی خوارد، کە بۆ ئەو و ئەوانەی لەگەڵی بوون دروست نەبوو بیخۆن، تەنها بۆ کاهینان نەبێ؟
[5] یان لە تەوراتدا نەتانخوێندووەتەوە کە هەرچەندە کاهینان بەهۆی ئەرکیان لە پەرستگا لە ڕۆژانی شەممەدا ڕاسپاردەی ڕۆژی شەممە دەشکێنن بەڵام بە بێتاوان دادەنرێن؟
[6] پێتان دەڵێم، مەزنتر لە پەرستگا لێرەیە.
[7] بەڵام ئەگەر واتای ئەوەتان بزانیایە: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،] ئەوا بێتاوانتان تاوانبار نەدەکرد،
[8] چونکە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
[9] لەوێ ڕۆیشت و هاتە کەنیشتەکەیان،
[10] ئەوە بوو پیاوێک دەستێکی وشک بوو. بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن، لێیان پرسی: «ئایا لە شەممەدا چاککردنەوە دروستە؟»
[11] پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر مەڕێکی هەبێت و لە شەممەدا بکەوێتە چاڵێک، ئایا نایگرێت و دەریناهێنێت؟
[12] مرۆڤ چەند لە مەڕ بەنرخترە! کەواتە لە شەممەدا چاکەکردن دروستە.»
[13] ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و چاک بووەوە، وەکو ئەوەی دیکە.
[14] بەڵام فەریسییەکان کە هاتنە دەرەوە، تەگبیریان کرد چۆن لەناوی ببەن.
[15] عیساش بەمەی زانی، لەوێ ڕۆیشت و خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن، ئەویش هەموویانی چاککردەوە و
[16] ئاگاداری کردنەوە ئاشکرای نەکەن،
[17] تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایا گوتراوە بێتە دی کە دەڵێت:
[18] [ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی هەڵمبژاردووە، خۆشەویستم کە پێی دڵشادم، ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر، جاڕی دادپەروەری بۆ نەتەوەکان دەدات.
[19] شەڕ ناکات و هاوار ناکات، کەسیش لە شەقامدا دەنگی نابیستێت.
[20] قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت، پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە، تاکو دادپەروەری بە سەرکەوتن دەگەیەنێت.
[21] نەتەوەکان هیوایان بە ناوی ئەو دەبێت.]
[22] ئینجا پیاوێکیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسی تێدابوو، ئەویش نابینا و لاڵ بوو، چاکیکردەوە هەتا ئەوەی لاڵەکە قسەی کرد و بینی.
[23] خەڵکەکە هەموو سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە کوڕی داود نییە؟»
[24] بەڵام فەریسییەکان کە ئەمەیان بیست، گوتیان: «ئەمە ڕۆحی پیس دەرناکات، مەگەر بە بەعلزەبولی شای ڕۆحە پیسەکان نەبێت.»
[25] بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەی ئەوانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، وێران دەبێت، هەر شارێک یان ماڵێک دووبەرەکی تێدابێت، خۆی ڕاناگرێت.
[26] ئەگەر شەیتان، شەیتان دەربکات، ئەوا دووبەرەکییان تێدایە، کەواتە چۆن شانشینییەکەی خۆی ڕادەگرێت؟
[27] ئەگەر من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی کوڕەکانتان بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان دەبنە دادوەرتان.
[28] بەڵام ئەگەر من بە ڕۆحی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان.
[29] «یان چۆن یەکێک دەتوانێ بچێتە ماڵی بەهێزێک و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر زوو نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات؟
[30] «ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە.
[31] لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ دەبەخشرێت، بەڵام کفرکردن سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز نابەخشرێت.
[32] ئەوەی قسە لە دژی کوڕی مرۆڤ بکات، دەبەخشرێت، بەڵام ئەوەی قسە لە دژی ڕۆحی پیرۆز بکات، نابەخشرێت، نە لەم دنیایە و نە لەو دنیا.
[33] «دار بە بەرهەمەکەی دەناسرێتەوە. ئەگەر دار باش بێت، بەرهەمی باش دەدات، ئەگەر دار خراپ بێت، بەرهەمی خراپ دەدات.
[34] ئەی بێچووە ماران، کە ئێوە خراپ بن، چۆن دەتوانن بە چاکە بدوێن؟ دەم ئەوە دەڵێت کە لە دڵ دەڕژێتەوە.
[35] مرۆڤی چاک لە گەنجینەی چاک شتی چاک دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش، لە گەنجینەی خراپ، شتی خراپ دەردەهێنێت.
[36] بەڵام پێتان دەڵێم: هەر وشەیەکی پووچ کە خەڵک پێی دەدوێ، لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا حیسابی خۆی هەیە،
[37] چونکە بە وشەکانی خۆت بێتاوان دەکرێیت، بە وشەکانی خۆشت تاوانبار دەکرێیت.»
[38] ئینجا هەندێک مامۆستای تەورات و فەریسی وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «مامۆستا، دەمانەوێ نیشانەیەکت لێ ببینین.»
[39] کەچی وەڵامی دانەوە: «نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر.
[40] هەروەک چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکی گەورەدا بوو، ئاواش کوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە.
[41] خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە.
[42] شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە.
[43] «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت.
[44] ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەی خۆم کە لێی دەرچووم.“ کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت چۆڵە و گسکدراوە و ڕێکخراوە.
[45] ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، دەچنە ژوورەوە و لەناو ئەو مرۆڤە دەژیێن. ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت. بۆ ئەم نەوە بەدکارەش، ئاوا دەبێت.»
[46] لە کاتێکدا کە عیسا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد، دایک و براکانی لە دەرەوە ڕاوەستابوون، داوایان دەکرد لەگەڵی بدوێن.
[47] یەکێک پێی گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ لەگەڵت بدوێن.»
[48] ئەویش وەڵامی قسەکەری دایەوە: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟»
[49] ئینجا دەستی بۆ قوتابییەکانی ڕاکێشا و فەرمووی: «ئەوەتا دایک و براکانم،
[50] چونکە ئەوەی بە خواستی باوکم بکات کە لە ئاسمانە، ئەوا خوشک و برا و دایکمە.»