Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:21

[1] پاش ئەوەی عیسا لە ڕێنمایی دوازدە قوتابییەکەی تەواو بوو، لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێرکردن و ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە شارۆچکەکانیان.

[2] کاتێک یەحیا لە زینداندا کارەکانی مەسیحی بیست، قوتابییەکانی خۆی نارد و

[3] پێی گوت: «ئایا تۆی ئەوەی دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»

[4] عیساش لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن، ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یەحیای ڕابگەیەنن:

[5] کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت .

[6] خۆزگە دەخوازرێت بەوەی لە من بێ هیوا نابێت.»

[7] لە کاتێکدا قوتابییەکانی یەحیا دەڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟

[8] ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن لە کۆشکی پاشاکانن.

[9] ئیتر بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر.

[10] یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: «[من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.]

[11] ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیای لەئاوهەڵکێش پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی ئاسمانە لەو پایەبەرزترە.

[12] لە ڕۆژانی یەحیای لەئاوهەڵکێشەوە هەتا ئێستا شانشینی ئاسمان بە هێز تێدەکۆشێت، تێکۆشەرانیش دەستی پێوەدەگرن ،

[13] چونکە هەموو پێغەمبەران و تەورات، هەتا هاتنی یەحیا پێشبینییان کردووە.

[14] ئەگەر دەتانەوێ پەسەندی بکەن، ئەمە ئەلیاسە کە خەریکە بێت .

[15] ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت!

[16] «بەڵام ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕەکاندا دانیشتوون و بانگی یەکتری دەکەن و

[17] دەڵێن: «”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین، شینمان بۆ گێڕان و لە خۆتان نەدا.“

[18] چونکە یەحیا هات، نەیدەخوارد و نەیدەخواردەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“

[19] ئینجا کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە کردارەکانیەوە دەردەکەوێت.»

[20] ئینجا عیسا دەستی بە سەرزەنشتکردنی ئەو شارانە کرد کە زۆربەی پەرجووەکانی تێیاندا ئەنجام دابوو، چونکە تۆبەیان نەکردبوو.

[21] «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، هەر زوو بە جلوبەرگی گوش و لەناو خۆڵەمێش تۆبەیان دەکرد.

[22] بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای سور و سەیدا سووکتر دەبێت لەوەی بۆ ئێوەیە.

[23] تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە، چونکە ئەگەر ئەو پەرجووانەی کە لەنێو تۆدا کرا لە سەدۆمدا بکرابووایە، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە.

[24] بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای خاکی سەدۆم لە هی تۆ سووکتر دەبێت.»

[25] لەو کاتەدا عیسا فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری زەوی و ئاسمان، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە.

[26] بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو.

[27] «باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس کوڕەکە ناناسێت باوک نەبێت، کەسیش باوک ناناسێت تەنها کوڕەکە و ئەوە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆی ئاشکرا بکات.

[28] «وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە.

[29] نیری من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە.

[30] نیرەکەم گونجاوە و بارم سووکە.»

مزگێنی بەپێی نووسینی مەتا — Chapters