[1] عیسا لە پەرستگا هاتە دەرەوە، هێشتا لە ڕێگا بوو کاتێک قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە تاکو سەرنجی بۆ تەلارەکانی پەرستگا ڕابکێشن.
[2] وەڵامی دایەوە: «هەموو ئەمانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لێرە بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»
[3] کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟»
[4] عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات،
[5] چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحم،“ زۆر کەس چەواشە دەکەن.
[6] جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە.
[7] نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت.
[8] بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن.
[9] «ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە.
[10] ئەو کاتە زۆر کەس لەڕێ لادەدەن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە.
[11] زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن.
[12] لەبەر زۆربوونی سەرپێچی، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە.
[13] بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.
[14] ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت.
[15] «لەبەر ئەوە کاتێک دەبینن [قێزەونی وێرانکەر] لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی پێغەمبەر دانیال باسی کردووە، با خوێنەر تێبگات،
[16] ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان ڕاکەنە چیاکان،
[17] ئەوەی لە سەربانە با نەیەتە خوارەوە تاکو شتەکانی لە ماڵەوە ببات.
[18] هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات.
[19] لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەران!
[20] نوێژ بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت،
[21] چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات، لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.
[22] «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کورت نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کورت دەکرێنەوە.
[23] ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن،
[24] چونکە مەسیحە درۆزنەکان و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانەی گەورە و پەرجوو دەکەن، بە شێوەیەک ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون چەواشە دەکەن.
[25] ئەوەتا پێشوەخت پێم گوتن.
[26] «لەبەر ئەوە ئەگەر پێیان گوتن: ”ئەوەتا لە چۆڵەوانییە!“ مەڕۆن، ”ئەوەتا لە ژوورەکانی ناوەوەیە!“ باوەڕ مەکەن،
[27] چونکە وەک چۆن هەورەتریشقە دێت و ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت.
[28] کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.
[29] «دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە، «[خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات، ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، تەنی ئاسمانی دەهەژێن.]
[30] «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە دێت.
[31] فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە ئەوانە کۆدەکەنەوە کە هەڵبژێردراون، لەم سەری ئاسمانەوە تاکو ئەوسەری.
[32] «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە.
[33] بە هەمان شێوە، ئێوەش کە هەموو ئەم شتانەتان بینی، بزانن نزیکە و لە بەردەرگایە.
[34] ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی.
[35] ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.
[36] «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە، تەنها باوک نەبێت.
[37] ڕۆژانی نوح چۆن بوو، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت.
[38] وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە،
[39] کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت.
[40] لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.
[41] دوو ئافرەت دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.
[42] «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا گەورەتان مەسیح دێتەوە.
[43] بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری، ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت.
[44] کەواتە ئێوەش ئامادە بن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.
[45] «کەواتە ئەو کۆیلە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی کردوویەتی بە لێپرسراوی خزمەتکارانی دیکە تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟
[46] خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات.
[47] ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت.
[48] بەڵام ئەگەر ئەو کۆیلەیە خراپ بێت و لە دڵی خۆیدا بڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“
[49] ئینجا دەست بکات بە لێدانی کۆیلە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان بخوات و بخواتەوە.
[50] ئەوسا گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت.
[51] ئینجا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.