Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:26

[1] ئینجا بیلدەدی شوحی وەڵامی دایەوە:

[2] «هەتا کەی بەم شێوەیە قسە دەکەیت؟ ئەوەی لە دەمت دێتە دەرەوە ڕەشەبایە.

[3] ئایا خودا دادپەروەری بە لاڕێدا دەبات؟ ئایا توانادارەکە ڕاستودروستی بەدرۆدەخاتەوە؟

[4] ئەو کاتەی ڕۆڵەکانت گوناهیان دەرهەق بە خودا کرد، ئەوا خودا سزای گوناهەکانی خۆیانی بەسەر هێنانەوە.

[5] بەڵام ئەگەر تۆ بەیانییان زوو ڕوو لە خودا بکەیت، لە خودای هەرە بە توانا بپاڕێیتەوە،

[6] ئەگەر تۆ بێگەرد و ڕاست بیت، ئەوا هەر ئێستا ئاوڕت لێ دەداتەوە و ماڵەکەی خۆتت وەک پاداشت بۆ دەگەڕێنێتەوە.

[7] پاشەڕۆژەکەت هێندە تێروتەسەل دەبێت، کە سەرەتاکەت زۆر هەژار بووە.

[8] «پرسیار لە نەوەی ڕابردوو بکە و بزانە لە باوباپیرانیانەوە چی فێربوون،

[9] چونکە ئێمە منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین، ڕۆژگاریشمان لەسەر زەوی وەک سێبەر تێدەپەڕێت.

[10] ئایا ئەو نەوەیە فێرت ناکەن و پێت ناڵێن؟ یان بە بیری خۆیان قسەت لێ دەرناهێنن؟

[11] ئایا زەل بەبێ زۆنگاو گەشە دەکات، یان قامیش بەبێ ئاو شین دەبێت؟

[12] بەڵکو ئەوان کە هێشتا گەشە دەکەن و نەبڕدراون، کەچی پێش هەموو گیایەک وشک دەبن،

[13] بەو جۆرەیە سەرگوزەشتەی ژیانی هەموو ئەوانەی خودایان لەبیر کردووە و هیوای خوانەناسان لەناودەچێت.

[14] ئەوەی پاڵپشتەکەیەتی دەبڕدرێتەوە، پشتی بە تەونی جاڵجاڵۆکە بەستووە.

[15] خۆی بە تەوەنەکەوە ڕادەگرێت بەڵام دەپچڕێت، دەستی پێوە دەگرێت و خۆی ڕاناگرێت.

[16] ئەوانە وەک ڕووەکێکی تەڕ لەژێر تیشکی خۆردان، کە لەناو باخچەکەیدا چڵی تازە دەردەکات.

[17] بەسەر کۆمەڵە بەرددا ڕەگ دادەکوتێت و بە تاشەبەردەکانەوە خۆیان توند دەگرن.

[18] بەڵام کە لە شوێنی خۆی هەڵکەنرا، شوێنەکەی نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێ: ”من جێگای تۆ نیم.“

[19] ببینە، خۆشی ژیانەکەی تەنها ئەوەیە، کە لە جێگاکەیەوە یەکێکی دیکە چەکەرە دەکات.

[20] «بێگومان خودا ئەو کەسە ڕەت ناکاتەوە کە بێ کەموکوڕی بێت، کە هانی خراپەکاران نادات.

[21] کاتێک دەمت پڕ لە پێکەنین دەکات و لێوەکانت پڕ لە هوتاف،

[22] ناحەزانت شەرمەزاری لەبەر دەکەن و ڕەشماڵی خراپەکارانیش تەفروتوونا دەبن.»

ئەیوب — Chapters