[1] دیسان ئەلیهو گوتی:
[2] «تۆزێک ئارامم لەگەڵ بگرە جا پێتی نیشان دەدەم کە هێشتا قسە هەیە لەبەر خودا بگوترێت.
[3] زانینم لە دوورەوە هەڵدەگرم و ڕاستودروستی دەدەمە پاڵ دروستکەرەکەم.
[4] بەڕاستی قسەکانم درۆ نین، ئەو کەسەی زانیاری تەواوە لەلای تۆیە.
[5] «خودا مەزنە و بە چاوی سووک تەماشای کەس ناکات، گەورەیە و ئامانجەکەی چەسپاوە.
[6] خراپەکار ناژیێنێت و مافی زەلیلان دەدات.
[7] چاوەکانی لەسەر کەسی ڕاستودروست لا نادات، بەڵکو لەگەڵ پاشایان لەسەر تەخت دایاندەنیشێنێت و هەتاسەر پایەداریان دەکات.
[8] ئەگەر بە زنجیر ببەسترێنەوە، ئەگەر بە پەتی زەلیلی ببردرێن،
[9] کردەوە و یاخیبوونەکانی خۆیانیان بۆ دەردەخات، چونکە لووتبەرز بوون.
[10] گوێیەکانیان بۆ ئاگادارکردنەوە دەکاتەوە و فەرمانیان پێ دەکات لە خراپەکانیان تۆبە بکەن.
[11] ئەگەر گوێ بگرن و بیپەرستن، ڕۆژگاریان بە باشە و ساڵانیان بە خۆشی بەسەردەبەن.
[12] ئەگەر گوێش نەگرن، بە شمشێر لەناودەچن و بە نەزانی دەمرن.
[13] «خوانەناسان تووڕەیی کۆدەکەنەوە، هاواری فریاکەوتن ناکەن کە بیانبەستێتەوە.
[14] لەنێو پیاوە لەشفرۆشەکانی نزرگەکان لە گەنجیێتیدا دەمرن.
[15] بەڵام فریای کڵۆڵ دەکەوێت لە زەلیلییەکەی و لە کاتی تەنگانە گوێیان دەکاتەوە.
[16] «هەروەها لە ڕووی تەنگانە پاڵت پێوە دەنێت بەرەو شوێنێکی پانوبەرین و بێ بەربەست و سەر خوانەکەت پڕ دەبێت لە خواردنی بەتام.
[17] بەڵام ئێستا ئەو حوکمدانەی کە بۆ خراپەکارە بەسەر تۆدا درا، حوکمدان و دادپەروەری دەتگرن.
[18] ئاگاداربە دەوڵەمەندی پەلکێشت نەکات، زۆری بەرتیل بەڕەڵات ناکات.
[19] ئایا دەوڵەمەندیت بۆ فریاکەوتن لە تەنگانە دەتپارێزێت یان هەموو ئەو کۆششکردنە لە تواناتدایە؟
[20] تامەزرۆی شەو مەبە، هەتا خەڵک لە ماڵەکانیان ڕابکێشیت.
[21] ئاگاداربە! ئاوڕ لە خراپە مەدەوە، چونکە ئەمەت هەڵبژارد نەک زەلیلی.
[22] «خودا بە توانای خۆی پایەبەرزە. کێ وەک ئەو مامۆستایە؟
[23] کێ ڕێگای ئەوی بەسەردا سەپاندووە؟ یان کێ پێی دەڵێت: ”خراپەت کردووە؟“
[24] لەبیرت بێت کە کارەکەی بە مەزن بزانیت، کە خەڵکی گۆرانی بەسەردا دەڵێن.
[25] هەموو مرۆڤ دەیبینێت؛ خەڵکی لە دوورەوە تەماشای دەکەن.
[26] خودا چەند مەزنە و ئێمەش نایناسین و ژمارەی ساڵەکانی ناپشکێنرێن.
[27] «دڵۆپەکانی ئاو ڕادەکێشێت، دەیانکات بە هەور پاشان دەیانبارێنێت؛
[28] لە هەورەکانەوە بارانێکی زۆر بەسەر ئادەمیزاد دەڕژێنێت.
[29] ئایا کەس تێدەگات چۆن هەورەکان پەرت دەکات یان چۆن لە کەپرەکەیەوە هەورەتریشقە دەنێرێت؟
[30] ببینە بروسکەی خۆی بەسەر خۆیدا پەرتوبڵاو دەکات و قووڵایی دەریا دادەپۆشێت،
[31] چونکە بەمە حوکمڕانی گەلان دەکات و بە پڕی خواردن دەدات.
[32] بە دەستەکانی بروسکە دەگرێت و فەرمانی پێدەدات لە دوژمن بدات.
[33] گرمەکەی ڕایدەگەیەنێت، مەڕوماڵاتیش بە هاتنی دەزانن.