[1] بیلدەدی شوحیش وەڵامی دایەوە:
[2] «هەتا کەی تەڵە بۆ قسە دەنێنەوە؟ تێبگەن ئینجا ئێمە دەتوانین قسە بکەین.
[3] بۆچی بە ئاژەڵ دانراین و لەبەرچاوتان گێل بووین؟
[4] ئەی ئەوەی لە ڕقی خۆی، خۆی دەخواتەوە، ئایا لەبەر تۆ زەوی چۆڵ بکرێت و تاشەبەرد لە جێی خۆی بجوڵێت؟
[5] «بەڵێ چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و گڕی ئاگرەکەی ڕووناکی نابەخشێت.
[6] لەناو چادرەکەی ڕووناکی تاریک دەبێت و چراکەی تەنیشتی دەکوژێتەوە.
[7] هێزی هەنگاوەکانی کورت دەبن و ڕاوێژەکەی خۆی دەیخات.
[8] بە پێیەکانی خۆی بۆ ناو داو هەنگاو دەنێت، جا لەناو تۆڕدا گیر دەخوات.
[9] تەڵە پاژنەی پێی دەگرێت و فاقە توند دەیگرێت.
[10] داوەکانی لە زەوی شاردراونەتەوە و تەڵەکەی لەسەر ڕێگایە.
[11] بەڵاکان لە هەموو لایەکەوە دەیتۆقێنن و هەنگاوبەهەنگاو دوای کەوتوون.
[12] برسیێتی بڕستی لێ بڕی و کارەسات چاوەڕێی کەوتنی دەکات.
[13] نەخۆشی پارچەکانی پێستەکەی دەخوات، یەکەم بەری مەرگ ئەندامەکانی لەشی دەخوات.
[14] لە ئارامی ناو چادرەکەی خۆی دەڕفێنرێت، بەرەو لای پاشای بەڵاکان پەلکێش دەکرێت.
[15] ئەوەی هی ئەو نییە لەناو چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت، گۆگرد بەسەر جێی مانەوەی پەخش دەکرێت.
[16] لە ژێرەوە ڕەگوڕیشەی وشک دەبێت و لە سەرەوەش لقەکانی سیس دەبن.
[17] یادەوەری لە زەوی نامێنێت و لەسەر ڕووی وشکانیش هیچ ناوێکی نییە.
[18] لە ڕووناکییەوە پاڵ دەدرێت بۆ تاریکی و لە جیهان دەردەکرێت.
[19] نە نەوە و نە وەچەی لەنێو گەلەکەی دەبێت، نە دەربازبوو لەنێو چادرەکانی.
[20] خەڵکی ڕۆژئاوا لە ڕۆژی حوکمدان لەسەر ئەودا دەحەپەسێن، گەلانی ڕۆژهەڵات مووچڕکەیان پێدا دێت.
[21] ئەوە نشینگەی بەدکارانە و ئەمە شوێنی ئەوانەیە کە خودا ناناسن.»