[1] «لەبەر ئەمە دڵم خورپە دەکات و لە جێی خۆی دەست دەکات بە کوتان.
[2] بۆ نەڕەی دەنگەکەی و گرمەگرمی دەمی گوێ شل بکە!
[3] لەژێر هەموو ئاسمان هەتا ئەوپەڕی زەوی، بە بروسکەکەی دەردەبڕێت.
[4] لەدوای ئەوەش هەر دەنگی نەڕەکەی دێت، بە دەنگی پڕ شانازییەکەی دەگرمێنێت. کاتێک دەنگ دەداتەوە بروسکەکەی ڕاناگرێت.
[5] خودا بە دەنگێکی سەرسوڕهێنەر دەگرمێنێت؛ کاری مەزنی وا دەکات کە ئێمە تێیناگەین.
[6] چونکە بە بەفر دەفەرموێت: ”بکەوە سەر زەوی،“ هەروەها بە تاوە باران دەفەرموێت: ”بە لێزمە ببارێ.“
[7] مۆر لە دەستی هەموو مرۆڤێک دەدات، بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی دروستکەری خۆیان بناسن.
[8] گیانلەبەران دەچنە ناو لانەکانی خۆیانەوە و لەناو کونەکانی خۆیان دەمێننەوە.
[9] لە باشوورەوە ڕەشەبا دێت و لە باکووریشەوە سەرما.
[10] لە هەناسەی خوداوە بەستەڵەک پەیدا دەبێت و سەر ڕووی ئاوەکان دەبنە سەهۆڵ.
[11] هەروەها هەورەکان بە شێ بار دەکات؛ بروسکەکەی بەناو هەورەکاندا پەرت دەکات.
[12] بەگوێرەی خواستی ئەو لەسەر ڕووی زەوی ئاوەدان دەگەڕێن هەتا هەموو ئەوە بکات کە فەرمانی پێ دەکرێت.
[13] هەورەکان دەهێنێت بۆ تەمبێکردنی خەڵک، یان بۆ ئەوەی ئاو بداتە زەوییەکەی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پیشان بدات.
[14] «ئەیوب گوێ بۆ ئەمە شل بکە! هەستە و لە پەرجووەکانی خودا وردبەرەوە.
[15] ئایا دەزانیت خودا چۆن فەرمان بە هەورەکان دەکات، یان درەوشانەوەی هەورە بروسکەکەی چۆنە؟
[16] ئایا دەزانیت چۆن هەورەکان بە ئاسمانەوە وەستاون، ئایا کارە سەرسوڕهێنەرەکانی خودا دەزانیت ئەوەی کە زانیاری تەواوە؟
[17] ئەی ئەوەی لەناو جلوبەرگەکەت گەرما دەتخوات بە کپبوونی زەوی بە بای باشوور،
[18] ئایا دەتوانیت هاوکاری ئەو بکەیت ئاسمان بڵاو بکەیتەوە، کە وەک ئاوێنەیەکی لە بڕۆنز داڕێژراو ڕەقە؟
[19] «پێمان بڵێ کە چی پێ بڵێین؛ لەبەر ئەوەی ئێمە لە تاریکیداین ناتوانین داواکارییەکەمان ئامادە بکەین.
[20] ئایا دەبێت پێی بگوترێت کە من دەمەوێ قسە بکەم؟ ئایا مرۆڤ قسە دەکات بۆ ئەوەی خۆی بە قووتدان بدات؟
[21] ئێستاش کەس ناتوانێت تەماشای خۆر بکات کە لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە دوای ئەوەی با هەڵیکرد و ئاسمانی بێگەرد کرد.
[22] لە باکوورەوە بە شکۆمەندییەکی زێڕین دێت، خودای شکۆدار و سامناک دێت.
[23] ئێمە پەی بە خودای هەرە بە توانای باڵادەست نابەین، کە لەبەر دادپەروەرییە مەزنەکەی و ڕاستودروستییە زۆرەکەی ستەم ناکات.
[24] لەبەر ئەمە خەڵکی لێی دەترسن، چونکە ئاوڕ دەداتەوە لەوانەی کە بە دڵیان دانان.»