Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:42

[1] ڕۆحم شکا، ڕۆژگارم کوژایەوە، گۆڕ چاوەڕێی منە.

[2] بێگومان گاڵتەجاڕان لە دەورمدان و ناچار چاودێری کێشمەکێشیان بکەم.

[3] «تکایە لەلای خۆت ببە پشتگیرم، بێجگە لە تۆ کێ هەیە ببێتە کەفیلم؟

[4] تێگەیشتنت لە مێشکیان شاردووەتەوە، لەبەر ئەوە بەرزیان ناکەیتەوە.

[5] ئەوەی لە پێناوی پارە پەنجەی تاوان بۆ هاوڕێیەکانی ڕادەکێشێت، نەبوونی چاوی منداڵەکانی دەپوکێنێتەوە.

[6] «منی کردە پەندی گەلان و بووم بەوەی تف لە ڕووم بکرێت.

[7] چاوەکانم لەبەر خەم کز بوون، هەموو ئەندامەکانم زۆر لاواز بوون.

[8] ئەوانەی ڕاستن بەمە سەرسام دەبن و بێتاوان بەسەر خوانەناسدا ڕادەپەڕێت.

[9] کەسی ڕاستودروست ڕێگای خۆی دەگرێت و ئەوەی دەست پاکە هێزی بۆ زیاد دەکرێت.

[10] «ئێستا وەرنەوە، دووبارە هەوڵ بدەن، بەڵام من هیچ دانایەکتان تێدا نادۆزمەوە.

[11] ڕۆژگارم بەسەرچوو، مەبەستەکانم هەڵکەنران. لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووەکانی دڵم

[12] شەو دەکەن بە ڕۆژ، لە تاریکیدا ڕووناکی بە نزیک دەبینن.

[13] ئەگەر هیوا بخوازم جیهانی مردووان ببێت بە ماڵم و لە تاریکیدا نوێنەکەم ڕابخەم،

[14] ئەگەر بە گۆڕم گوت: ”تۆ باوکی منیت،“ بە کرمیش: ”تۆ دایکی منیت“ یان ”خوشکی منیت،“

[15] ئیتر ئومێدم کوا؟ کێ تەماشای ئومێدم دەکات؟

[16] ئایا بەرەو قووڵایی جیهانی مردووان دەچێتە خوارەوە؟ ئایا پێکەوە لەناو خۆڵ شۆڕدەبینەوە؟»

ئەیوب — Chapters