[1] «ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟ یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟
[2] ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریت یان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟
[3] چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن و بەچکەکانیان دەبێت.
[4] بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛ دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان.
[5] «کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد و مێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟
[6] ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی و خوێڵێنم کردە ژینگەی.
[7] بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت، گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت.
[8] لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت، بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک.
[9] «ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکات یان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟
[10] ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟ ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟
[11] ئایا پشتی پێ دەبەستیت چونکە هێزەکەی مەزنە یان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟
[12] ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت و بۆ سەر جۆخینەکەت کۆی بکاتەوە؟
[13] «بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات، ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟
[14] چونکە وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت،
[15] لەبیری دەچێت کە پێ دەیپەستێتەوە و ئاژەڵی کێوی تێی هەڵدەدەن.
[16] لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛ گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات،
[17] چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە، لە تێگەیشتن بەشی نەداوە.
[18] کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن، بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت.
[19] «ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت یان ملی بە یاڵ دادەپۆشیت؟
[20] ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟
[21] بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت، بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت.
[22] بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛ لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە.
[23] تیردان شەقەشەقی بێت و خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە.
[24] بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات، هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت.
[25] لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“ لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات، هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ.
[26] «ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟
[27] یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟
[28] لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە، هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی.
[29] لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن.
[30] بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن، لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»