Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:15

[1] یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:

[2] «ئەمە کێیە، بێ زانیاری قسە دەکات و ڕاوێژی من تێک دەدات؟

[3] ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە، پرسیارت لێ دەکەم و وەڵامم بدەوە.

[4] «کاتێک زەویم دامەزراند لەکوێ بوویت؟ ئەگەر تێگەیشتنت هەیە پێم بڵێ.

[5] کێ پێوانەکانی دانا؟ بێگومان تۆ دەزانیت! یان کێ گوریسی پێوانەی بەسەردا هێنا؟

[6] بناغەکانی لەسەر چی چەسپاند، یان کێ بەردی بناغەکەی دانا،

[7] کاتێک ئەستێرەکانی بەرەبەیان پێکەوە هاواری خۆشییان دەکرد و هەموو فریشتەکان هوتافیان دەکێشا؟

[8] «کێ بە دەروازەکان دەریای بەندکرد، کاتێک بە پاڵەپەستۆ لە منداڵدان هاتە دەرەوە،

[9] کە هەورم کردە بەرگی و هەوری تاریکم کرد بە قۆنداغی،

[10] کە فەرزی خۆم بەسەریدا سەپاند و دەروازە و شمشیرەم بۆ دانا،

[11] فەرمووم: ”هەتا ئێرە دێیت و تێناپەڕیت؛ لێرە شەپۆلەکانی لووتبەرزیت دەشکێن“؟

[12] «ئایا لە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژانی ژیانتدا فەرمانت بە بەرەبەیان کردووە، هەتا زەردەی خۆر هەڵنەیێت،

[13] هەتا ڕۆخەکانی زەوی بگرێت و بەدکارانی لێ بتەکێنێت؟

[14] وەکو مۆرێک کە لە قوڕی دەدەیت، دەوەستێت هەروەکو بەرگی پۆشیبێت.

[15] ڕووناکی لە بەدکاران قەدەغە دەکرێت و دەستی بەرزکراوەیان دەشکێنرێت.

[16] «ئایا گەیشتیتە سەرچاوەکانی دەریا و بەناو کون و کەلەبەرەکانی قووڵاییدا هاتوچۆت کرد؟

[17] ئایا دەروازەکانی مردنت بۆ ئاشکرا بوون یان دەروازەکانی سێبەری مەرگت بینی؟

[18] ئایا پانوبەرینی زەوی دەزانیت؟ ئەگەر هەموو ئەم شتانە دەزانیت، پێم بڵێ.

[19] «کام ڕێگایە دەچێتە نشینگەی ڕووناکی؟ ئەی شوێنی نیشتەجێبوونی تاریکی لەکوێیە؟

[20] ئایا دەتوانیت هەریەکەیان بۆ سنووری خۆی ببەیت و ڕێگای ماڵەکانیان شارەزابیت؟

[21] لەبەر ئەوەی تۆ لەپێش ئەمانەوە لەدایک ببوویت! بە دڵنیاییەوە تۆ زۆر تەمەن درێژیت!

[22] «ئایا چووی بۆ ناو ئەمبارەکانی بەفر یان کۆگاکانی تەرزەت بینیوە،

[23] ئەوەی هەڵمگرتووە بۆ کاتی تەنگانە، بۆ ڕۆژانی نەهامەتی و جەنگ؟

[24] لە چ ڕێگایەکەوە بروسکە دابەش دەبێت و بای ڕۆژهەڵات لەسەر زەوی بڵاو دەبێتەوە؟

[25] کێ لێکی جیا کردەوە جۆگەکان بۆ بارانی بە لێشاو و ڕێچکە بۆ باوبۆران؟

[26] بۆ ئاودانی خاکێک کە مرۆڤی تێدا نییە، بەسەر چۆڵەوانییەک کە ئادەمیزادی تێدا نییە،

[27] بۆ ئەوەی خاکی کاول و وێران تێر بکات، وا بکات گیای لێ بڕووێت.

[28] ئایا باران باوکی هەیە؟ ئەی کێ دڵۆپەکانی شەونم دەخاتەوە؟

[29] بەستەڵەک لە سکی کێ دێتە دەرەوە؟ شەختەی ئاسمان بۆ کێ لەدایک دەبێت،

[30] کاتێک ئاوەکان وەک بەردیان لێ دێت و ڕووی قووڵاییەکان دەیبەستێت؟

[31] «ئایا تۆ دەتوانیت گرێیەکانی حەوتەوانە ببەستیت یان گرێ بەستراوەکانی ڕاوچی بکەیتەوە؟

[32] ئایا تۆ دەتوانیت کەلووەکان لە کاتی خۆی دەربخەیت، یان ڕێنمایی کەلووی ورچ بکەیت لەگەڵ بەچکەکانی؟

[33] ئایا یاساکانی ئاسمان دەزانیت، یاخود تۆ بڕیاری دەسەڵاتی ئەو بەسەر زەویدا دەچەسپێنیت؟

[34] «ئایا دەتوانیت دەنگت بۆ هەورەکان بەرز بکەیتەوە هەتا بە لێشاوی ئاو داتبپۆشێت؟

[35] ئایا توانای ئەوەت هەیە بروسکەکان بنێریت، جا بڕۆن و بڵێن: ”ئەوەتاین ئێمە“؟

[36] کێ دانایی دەبەخشێت یان تێگەیشتن بە مێشک دەدات؟

[37] کێ بە داناییەوە هەورەکان دەژمێرێت یان مەشکەکانی ئاسمان دەڕژێنێت،

[38] کاتێک تێکەڵ بە خۆڵ دەبێت یەکدەگرن و دەبنە قوڕ؟

[39] «ئایا تۆ نێچیر بۆ شێرە مێ ڕاو دەکەیت یان هەڵپەی بەچکە شێرەکان ئارام دەکەیتەوە،

[40] کاتێک لەناو بێشەکەیان خۆیان دەکێشنەوە و خۆیان مەڵاس دەدەن بۆ بۆسە؟

[41] کێ ڕاو بۆ قەلەڕەش ئامادە دەکات کە بەچکەکانی دەقیڕێنن بۆ خودا و لەبەر نەبوونی خواردن پەرتەوازە بوون؟

ئەیوب — Chapters