Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:06

[1] چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:

[2] «ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین، یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆ پاک دەبێت؟

[3] ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات، یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟

[4] بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“

[5] بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و

[6] نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد، چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە، جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.

[7] «ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟ ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بە توانا؟

[8] ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت، لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟

[9] پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و لە دەریاش پانترە.

[10] «ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟

[11] چونکە ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟

[12] بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.

[13] «ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،

[14] ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،

[15] ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و چەسپاو دەبیت و ناترسیت.

[16] چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و وەک ئاوێکی تێپەڕیوو یادی دەکەیتەوە.

[17] ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.

[18] دڵنیا دەبیت چونکە ئومێدت هەیە، دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.

[19] خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.

[20] بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛ ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»

ئەیوب — Chapters