[1] «پەیمانم لەگەڵ چاوەکانم بەست، ئیتر چۆن تەماشای پاکیزەیەک بکەم؟
[2] چونکە بەشی ئێمە لە خودا لە سەرەوە چییە، چ میراتێکمان هەیە لە توانادارەکەی ئاسمان؟
[3] ئایا کارەسات بۆ بەدکار و بەڵا بۆ خراپەکار نییە؟
[4] ئایا ئەو تەماشای ڕێگای من ناکات و هەموو هەنگاوەکانم ناژمێرێت؟
[5] «ئەگەر لەگەڵ درۆ ملی ڕێم گرتبێتەبەر یان پێیەکانم پەلەیان کردبێت بەرەو فێڵ،
[6] با خودا لە تەرازووی ڕاستودروستیدا بمکێشێت و با بێ کەموکوڕییەکەم بزانێت.
[7] ئەگەر هەنگاوەکانم لە ڕێچکە لایانداوە، ئەگەر دڵم بەدوای چاوم کەوتووە، یان ئەگەر کردەوەکانم دەستەکانی منیان گڵاو کردووە،
[8] ئەوا ئەوەی من چاندم با کەسانی دیکە بیخۆن، با لقەکانم ڕیشەکێش بکرێن.
[9] «ئەگەر دڵم بەلای ژنێکدا فریوی خواردووە، یان لە بەردەرگای دراوسێکەم بۆسەم داناوە،
[10] با ژنەکەم دانەوێڵەی پیاوێکی دیکە بهاڕێت و با خەڵکانی دیکە بەسەریدا بچەمێنەوە.
[11] چونکە ئەمە بێ ناموسییە، تاوانە و پێویستە دادگایی بکرێت.
[12] چونکە ئاگرێکە هەتا لەناوچوون دەخوات و هەموو دروێنەکەم ڕیشەکێش دەکات.
[13] «ئەگەر مافی خزمەتکار و کارەکەرەکەم ڕەت کردووەتەوە کاتێک لە دژی من سکاڵایان کردووە،
[14] ئەو کاتە چی بکەم لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ خودا؟ ئەگەر لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکرێت بە چی وەڵامی بدەمەوە؟
[15] ئایا دروستکەری من لە سکدا دروستکەری ئەوانیش نییە؟ ئایا شێوەکێشمان لە سکی دایک یەک نییە؟
[16] «ئەگەر هەژارانم لە مرازی خۆیان قەدەغە کردبێت یان چاوی بێوەژنم فەوتاندبێت،
[17] یان پارووەکەی خۆم بە تەنها خواردبێت، کە هەتیو لێی نەخواردبێت،
[18] بەڵکو لە گەنجیمەوە وەک باوک بە هەتیوی بەخێوم کردووە و لە سکی دایکمەوە ڕێنمایی بێوەژنم کردووە.
[19] ئەگەر فەوتاوێکم بینیبێت لەبەر نەبوونی جل یان نەدارێکی بێ بەرگ،
[20] کە بە کەوڵی مەڕەکەم خۆیان گەرم نەکردووەتەوە ئیتر لە دڵیانەوە داوای بەرەکەتیان بۆ نەکردووم،
[21] ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ کاربەدەستانم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەمە سەر هەتیو،
[22] با شانم لە ئەستۆم بەربێتەوە و با قۆڵم لە جومگەکەیەوە بشکێت.
[23] چونکە کارەسات لە خوداوە بەلامەوە تۆقێنەرە و لە ترسی شکۆیەکەی نەمتوانی شتی وا بکەم.
[24] «ئەگەر پشتم بە زێڕی خۆم بەستووە و ئەگەر بە زێڕی بێگەردم گوت: ”تۆ پاڵپشتی منی،“
[25] ئەگەر دڵخۆش بووم کە سامانەکەم زۆر بوو و لەبەر ئەوەی زۆریان بەدەستهێناوە،
[26] ئەگەر تەماشای ڕووناکی خۆرم کردووە کاتێک درەوشاوەتەوە، یان مانگ کاتێک بە جوانییەوە دەڕوات
[27] تاوەکو دڵم بە نهێنی فریودراو و دەستم دەمی داپۆشی،
[28] ئەوا ئەمانەش تاوان دەبن و دەدرێن بە دادگا، چونکە ئەگەر شتی وام بکردایە ناپاک دەبووم بەرامبەر بە خودا لە سەرەوە.
[29] «ئەگەر بە بەڵای ناحەزەکەم دڵخۆش بووم یان بزەم گرت کە تووشی خراپە بوو،
[30] بەڵکو نەمهێشت مەڵاشووم گوناه بکات بەوەی کە بە نەفرەتەوە داوای ژیانی ئەو بکات؛
[31] ئەگەر کەسانی ناو چادرەکەم هەرگیز نەیانگوتایە، ”کێ یەکێک دەهێنێت لە خواردنەکەی ئەیوب تێری نەخواردبێت؟“
[32] ئاوارەیەک لە دەرەوە شەوی بەسەرنەبرد، دەرگای ماڵەکەم بۆ ڕێبوار کردەوە.
[33] ئەگەر وەک خەڵکی دیکە یاخیبوونی خۆم داپۆشیوە، بە شاردنەوەی تاوانەکانم لە باوەشی خۆم،
[34] بەهۆی ئەوەی لە قسەی خەڵک ترساوم، لە سووکایەتی پێکردنی خێڵەکان تۆقیوم، لەبەر ئەوەیە کە بێدەنگم و لە ماڵەوە دانیشتووم.
[35] «خۆزگە یەکێک دەبوو گوێی لێم دەگرت! ئەوەتا مۆری من، با خودای هەرە بە توانا وەڵامم پێ بداتەوە؛ ئەوەی سکاڵا لە من دەکات با سکاڵانامەکەی پێشکەش بکات.
[36] بێگومان لەسەر شانم هەڵمدەگرت، دەمبەست وەک تاج بەسەرمەوە.
[37] ژمارەی هەنگاوەکانی خۆم پێی دەگوت، پێشکەشیشم دەکرد وەک بۆ فەرمانڕەوایەک.
[38] «ئەگەر زەوییەکەم هاواری کردووە لە دژی من و هەموو هێڵی جووتەکانی بە فرمێسک تەڕ دەبێت،
[39] ئەگەر بەروبوومەکەی ئەوم بەبێ پارە خواردووە یان گیانی کرێچییەکانیم کوژاندووەتەوە،
[40] با لە جێی گەنم دڕک بڕووێت و لە جێی جۆ زیوان.» وشەکانی ئەیوب تەواو بوون.