Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:47

[1] ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

[2] «هەتا کەی گیانم ئازار دەدەن و بە قسە وردم دەکەن؟

[3] ئەمە دەیەم جارە ڕیسوام دەکەن، بەبێ شەرمی هێرشتان کردە سەرم.

[4] گریمان بە ڕاستی گومڕا بووم، گومڕاییەکەم بەسەر خۆم دەشکێتەوە.

[5] ئەگەر بەڕاستی ئێوە خۆتان لە من بە گەورەتر دادەنێن و شەرمەزارییەکەی من لە دژی خۆم بەکاردەهێنن،

[6] ئەوا با لەلاتان زانراو بێت، خودا خۆی منی خوار کردووەتەوە و تۆڕەکەی بەدەورمدا ڕاکێشا.

[7] «هەرچەندە لەبەر ستەم هاوار دەکەم، بەڵام وەڵامم نادرێتەوە، هاوار دەهێنم، بەڵام دادپەروەری نییە.

[8] ڕێی لێ گرتم و ناپەڕمەوە، تاریکی خستووەتە سەر ڕێڕەوم.

[9] شکۆمەندییەکەمی لێم داماڵی و تاجەکەی سەرمی لێکردەوە.

[10] لە هەموو لایەکەوە منی ڕووخاند تاوەکو نەمێنم و هیوای منی وەک دار هەڵکەند.

[11] تووڕەیی خۆی بەسەرمدا داگیرساند و بە دوژمنی خۆی دانام.

[12] پەلاماردەرەکانی پێکەوە هاتن و سەنگەریان لە دژی من لێدا و لە دەوری چادرەکەم خۆیان دامەزراند.

[13] «کەسوکاری منی لێم دوورخستەوە و ناسیاوەکانم لێم بوون بە بێگانە.

[14] خزمەکانم وازیان لێ هێنام و ئەوانەی منیان ناسی لەبیریان کردم.

[15] میوان و کارەکەرەکانم وەک بیانی دایاننام، وەک نامۆیەک مامەڵەم لەگەڵ دەکەن.

[16] بانگی خزمەتکارەکەی خۆمم کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە، هەرچەندە بە دەمی خۆم لێی پاڕامەوە.

[17] بۆنم ناخۆش بووە لەلای ژنەکەم و قێزەونم لەلای جگەرگۆشەکانم.

[18] تەنانەت منداڵانیش سووکایەتییان پێکردم، کە هەستم باسی من دەکەن.

[19] هەموو دۆستەکانم ڕقیان لێم بووەوە و ئەوانەی خۆشم دەویستن لە دژم هەڵگەڕانەوە.

[20] ئێسکم بە پێست و گۆشتمەوە نووساوە و بە خۆم و پووکمەوە دەرباز بووم.

[21] «بەزەییتان پێم بێتەوە، بەزەییتان پێم بێتەوە ئەی هاوڕێیان، چونکە دەستی خودا لێی داوم.

[22] بۆچی ئێوەش وەک خودا ڕاوم دەنێن؟ لە گۆشتم تێر نابن؟

[23] «خۆزگە وشەکانم دەنووسرانەوە، خۆزگە لەناو تۆمارێکدا وێنەیان دەکێشرا،

[24] خۆزگە بە پێنووسی ئاسن لەسەر قورقوشم دەنووسران یان بۆ هەتاهەتایە لەسەر بەرد هەڵدەکۆڵران.

[25] بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە زیندووە و لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە.

[26] پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت، هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم.

[27] ئەوەی من بۆ خۆم دەیبینم و چاوەکانم تەماشا دەکەن، نەک یەکێکی دیکە، لە ناخمەوە تامەزرۆی ئەوەم!

[28] «ئەگەر ئێوە دەڵێن: ”چەند ڕاوی دەنێین، چونکە ڕەگی کێشەکە لەلای ئەوە،“

[29] لە خۆتان بترسن لە ڕووی شمشێر، چونکە تووڕەیی سزای شمشێر دەهێنێت، ئیتر دەزانن کە دادوەری هەیە.»

ئەیوب — Chapters