[1] ئیتر ئەلیهو گوتی:
[2] «گوێ لە قسەکانم بگرن دانایان، گوێم بۆ شل بکەن، ئەی ئەوانەی دەزانن.
[3] چونکە گوێ قسە تاقی دەکاتەوە وەک چۆن مەڵاشوو خواردن تام دەکات.
[4] با بۆ خۆمان دادگەری تاقی بکەینەوە و لەنێو خۆمان بزانین چی باشە.
[5] «چونکە ئەیوب گوتی: ”من ڕاستودروست بووم، بەڵام خودا مافی منی داماڵی.
[6] لە کاتی دادگاییم بە درۆ دەخرێمەوە و برینەکەم ساڕێژ نابێت لەگەڵ ئەوەی بێ یاخیبوونم.“
[7] چ پیاوێک وەک ئەیوبە؟ سووکایەتیکردن وەک ئاو دەخواتەوە و
[8] پێکەوە لەگەڵ بەدکاران ملی ڕێ دەگرێت و لەگەڵ خراپەکاران دەڕوات؟
[9] چونکە گوتی: ”سوودی نییە بۆ مرۆڤ جێی ڕەزامەندی بێت لەلای خودا.“
[10] «لەبەر ئەوە گوێم لێ بگرن، ئەی تێگەیشتووان. خراپە لە یەزدان بە دوورە و ستەمیش لە خودای هەرە بە توانا،
[11] چونکە مرۆڤ بەگوێرەی کردەوەکانی پاداشت دەداتەوە و پیاویش بەپێی ڕێگاکەی تووش دەکات.
[12] جا بە ڕاستی خودا خراپە ناکات، توانادارەکەش دادپەروەری خوار ناکاتەوە.
[13] کێ کردی بە لێپرسراو لەسەر زەوی و کێ لەسەر هەموو جیهان داینا؟
[14] ئەگەر بیخاتە دڵی خۆیەوە ڕۆح و هەناسەی بۆ خۆی کۆبکاتەوە،
[15] هەموو مرۆڤ پێکەوە ڕۆح بەدەستەوە دەدەن و مرۆڤ بۆ خۆڵ دەگەڕێتەوە.
[16] «ئەگەر تێگەیشتنت هەیە، ئەمە ببیستە و بۆ دەنگی وشەکانم گوێ شل بکە.
[17] ئایا ئەوەی ڕقی لە دادپەروەرییە دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی بکات؟ یان ئەوەی ڕاستودروست و مەزنە تاوانباری دەکەیت؟
[18] ئایا خودا نییە کە بە پاشا دەفەرموێت: ”ئەی هیچوپووچ!“ یان بە پیاوماقوڵان: ”ئەی خراپەکاران!“
[19] ئایا خودا نییە ئەوەی لایەنگری میران ناکات و دەوڵەمەند لە هەژار بە زیاتر دانانێت، چونکە هەمووان کاری دەستی ئەون؟
[20] لەناکاو دەمرن، لە نیوەشەودا؛ گەل دەهەژێن و بەسەردەچن؛ بەهێزەکان دادەماڵرێن، بەڵام نەک بە دەستی مرۆڤ.
[21] «چونکە چاوەکانی لەسەر ڕێگاکانی مرۆڤە؛ ئەو هەموو هەنگاوەکانی دەبینێت.
[22] نە تاریکی هەیە و نە سێبەری مەرگ، کە بەدکاران دەتوانن خۆیانی تێدا بشارنەوە.
[23] پێویست ناکات خودا زیاتر لێکۆڵینەوە لەگەڵ مرۆڤ بکات، هەتا بێتە بەردەمی بۆ دادگاییکردن.
[24] دلێران بەبێ پشکنین تێکدەشکێنێت و خەڵکی دیکە لە جێیان دادەنێت.
[25] لەبەر ئەوەی تێبینی کردەوەکانیان دەکات، بە شەو سەرەوژێریان دەکات و وردوخاش دەبن.
[26] لەبەر ئەوەی خراپەکارن لەبەرچاوی بینەران سزایان دەدات،
[27] چونکە لەدوای ئەو لایاندا و لە هیچ یەکێک لە ڕێگاکانی ئەو وردنەبوونەوە،
[28] بەم جۆرەیان کرد هاواری هەژار پێی بگات، بەم شێوەیە گوێی لە قیژەی زەلیلان بوو.
[29] بەڵام ئەگەر بێدەنگ بێت، کێ هەیە تاوانباری بکات؟ ئەگەر ڕووی خۆی بشارێتەوە، کێ دەیبینێت؟ لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانڕەوایەتی نەتەوە و تاکە کەسیش دەکات
[30] بۆ ئەوەی خوانەناس پاشایەتی نەکات و نەبێت بە تەڵە بۆ گەل.
[31] «ئەگەر بە خودا بگوترێت: ”من تاوانبارم بەڵام ئیتر گەندەڵی ناکەم،
[32] ئەوەی نەمبینیوە تۆ پیشانی منی بدە، ئەگەر خراپەم کردووە، چیتر نایکەمەوە؟“
[33] ئایا دەبێت خودا بەگوێرەی ئەوەی تۆ پێت باشە پاداشتت بداتەوە، لە کاتێکدا کە تۆ ئامادە نیت تۆبە بکەیت؟ تۆ هەڵدەبژێریت نەک من، ئەوەی دەیزانیت دەیڵێیت.
[34] «تێگەیشتووان پێم دەڵێن، ئەو پیاوە دانایانەی گوێیان لێمە دەڵێن:
[35] ”ئەیوب بەبێ زانین قسە دەکات و قسەکانی بەبێ وریاین.“
[36] خۆزگە ئەیوب هەتاسەر تاقی دەکرایەوە لەبەر وەڵامەکانی وەک بەدکاران!
[37] چونکە یاخیبوونی بۆ سەر گوناهەکەی زیاد کرد؛ بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵە لێدەدات و زیادەڕۆیی لەسەر خودا دەکات.»