[1] چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:
[2] «لەبەر جۆشانی ناخم، بیرکردنەوەکانم هانم دەدەن وەڵام بدەمەوە.
[3] گوێم لە سەرزەنشتەکانی تۆ دەبێت کە سووکایەتیم پێ دەکەیت، ڕۆحی تێگەیشتنم وام لێ دەکات وەڵام بدەمەوە.
[4] «ئایا لە کۆنەوە ئەمەت نەزانیوە، لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی دانراوە؟
[5] هاواری خۆشی خراپەکاران کورتە و خۆشی خوانەناس بۆ ساتێکە.
[6] هەرچەندە لووتبەرزی خوانەناس بگاتە ئاسمان و سەریشی لە هەور بدات،
[7] بەڵام وەک تەپاڵە خۆی بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت و ئەوانەی بینیویانە دەڵێن: ”کوا؟“
[8] وەک خەون دەفڕێت و ئیتر نامێنێت، وەک مۆتەکەیەک دەردەکرێت.
[9] چاوێک کە بینیویەتی دیسان نایبینێتەوە، جارێکی دیکە شوێنەکەشی نابینرێت.
[10] کوڕەکانی هەوڵ دەدەن هەژاران ڕازی بکەن؛ دەستەکانی سامانەکەی دەدەنەوە.
[11] ئێسکەکانی پڕ لە گەنجیێتین، بەڵام ئەو گەنجیێتییە لەگەڵیدا لەناو خاک ڕادەکشێت.
[12] «کە خراپە لەناو دەمی شیرین بێت و لەژێر زمانی بیشارێتەوە،
[13] دڵی پێی سووتاو و بەجێی نەهێشت، بەڵکو لەناو گەرویدا بەندی کرد،
[14] بەڵام نانەکەی لەناو ڕیخۆڵەکانی دەگۆڕێت، دەبێتە تاڵی ژەهری مار لەناو سکی.
[15] سامانێکی قووت دا و دەیڕشێنێتەوە؛ خودا لەناو سکی وەدەری دەنێت.
[16] ژەهری مار دەمژێت؛ زمانی مار دەیکوژێت.
[17] جۆگەکان نابینێت، ڕووبارە ڕۆیشتووەکانی هەنگوین و قەیماغ.
[18] بەری ماندووبوونەکەی دێنێتەوە و قووتی نادات، لە قازانجی بازرگانییەکەی خۆشی نابینێت.
[19] چونکە هەژارانی وردوخاش کرد و بەجێی هێشتن؛ دەستی بەسەر ماڵێکدا گرت کە بنیادی نەنابوو.
[20] «بێگومان لە ناخیدا نەیزانی بەس چییە؛ ئەوەی ئارەزووی دەکات دەربازی ناکات.
[21] خواردنەکەی پاشماوەی نییە؛ ئیتر خێروخۆشییەکەی بەردەوام نابێت.
[22] لەوپەڕی سەڵتەنەتیدا تووشی تەنگانە دەبێت، دەستی هەموو ڕەنجدەرێکی دێتە سەر.
[23] لە کاتێکدا سکی خۆی پڕ دەکات، خودا گڕی تووڕەیی خۆی بۆ دەنێرێت و وەکو باران بەسەریدا دەیبارێنێت.
[24] لە چەکی ئاسنەوە ڕادەکات و تیری بڕۆنز دەیبڕێت.
[25] تیرەکەی ڕاکێشا و لە پشتییەوە هاتە دەرەوە، نووکی بریسکەدار زراوی بڕی. ترسی بەسەرەوەیە؛
[26] هەموو تاریکییەک بۆ گەنجینەکانی شاردراوەتەوە. ئاگرێک دەیخوات فووی لێ نەکراوە، ئەوەی لە چادرەکەی مابێتەوە لووشی دەدات.
[27] ئاسمان تاوانەکەی ئاشکرا دەکات، زەوی لێی ڕادەپەڕێت.
[28] لەو ڕۆژەی کە خودا تووڕەییەکەی دەبارێنێت، لافاوێک ماڵەکەی دەبات.
[29] ئەمە بەشی کەسی خراپە لە خوداوە، میراتی دیاریکراوە لە خوداوە.»