[1] ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
[2] «هەروەها ئەمڕۆش سکاڵاکەم جەرگبڕە؛ لەگەڵ ناڵینم دەستی خودا لەسەرم هەر قورسە.
[3] خۆزگە دەمزانی چۆن پێی بگەم؛ دەهاتمە لای نشینگەکەی!
[4] بە ڕێکوپێکی کێشە دەخەمە بەردەمی، دەمم پڕ دەکەم لە بەهانە،
[5] هەتا بزانم چۆن وەڵامم دەداتەوە و لەوە تێبگەم کە پێم دەڵێت.
[6] ئایا بە زۆری هێز مشتومڕم لەگەڵ دەکات؟ نەخێر، بەڵکو پەلکێشی دادگام ناکات.
[7] لەوێ کەسی ڕاست بەهانەی بۆ دەهێنایەوە و بۆ هەتاهەتایە لە دەست دادەورەکەم دەرباز دەبووم.
[8] «بەڵام ئەگەر بەرەو ڕۆژهەڵات بچم لەوێ نییە، بەرەو ڕۆژئاواش هەستی پێ ناکەم.
[9] کاتێک لە باکوور کار دەکات، بەرچاوم ناکەوێت؛ کاتێک بەرەو باشوور دەسووڕێتەوە، نایبینم.
[10] بەڵام ڕێگام دەزانێت، دوای ئەوەی تاقیم دەکاتەوە وەک زێڕ دەردەچم.
[11] پێیەکانم بە هەمان هەنگاوی ئەو ڕۆیشتوون، ڕێگای ئەوم گرتەبەر و لام نەدا.
[12] لە فەرمانەکانی زمانی ئەو لام نەداوە؛ لە نانی پێویستی خۆم زیاتر قسەکانی دەمی ئەوم لە گەنجینەی دڵم هەڵگرتووە.
[13] «بەڵام ئەو تاک و تەنهایە و کێ ڕێی لێ دەگرێت؟ ئەوەی ئارەزووی لێ بێت، دەیکات.
[14] فەرزی خۆی لە دژی من جێبەجێ دەکات، پلانی وەک ئەمانەش زۆرە لەلای.
[15] لەبەر ئەوە لەبەردەمی دەتۆقم؛ سەرنج دەدەم و لێی دەترسم.
[16] خودا دڵی بێهێز کردم؛ توانادارەکە منی تۆقاند.
[17] لەگەڵ ئەوەشدا تاریکی و تەمە چڕەکەش کە ڕوخساری داپۆشیم بێدەنگم ناکات.