Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:25

[1] ئیتر ئەو سێ پیاوە لە وەڵامدانەوەی ئەیوب وازیان هێنا، چونکە ئەو خۆی بە ڕاست دەزانی.

[2] بەڵام ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی لە هۆزی ڕام لە ئەیوب تووڕە بوو. تووڕەیی جۆشا، چونکە ئەیوب خۆی بە بێتاوان دادەنا و گلەیی لە خودا دەکرد.

[3] لە سێ هاوڕێکەشی تووڕە بوو چونکە لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی بە هیچ شێوەیەک بەرپەرچی ئەیوب بدەنەوە، ئەیوبیان تاوانبار کرد.

[4] ئەلیهوش لەسەر ئەیوب ئارامی گرت، چونکە ئەوان لەو بە تەمەنتر بوون.

[5] کاتێک ئەلیهو بینی هیچ وەڵامێک لە دەمی ئەو سێ پیاوەدا نییە، تووڕە بوو.

[6] ئیتر ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی وەڵامی دایەوە: «من تەمەنم کەمە و ئێوەش پیرن؛ لەبەر ئەوە نەوێرام و ترسام بیروڕای خۆمتان پێ بڵێم.

[7] گوتم: ”با تەمەن قسە بکات و با زۆری ساڵان دانایی ڕابگەیەنن.“

[8] بەڵام ڕۆحی مرۆڤ هەناسەی خودای هەرە بە توانایە، ئەوە کە تێگەیشتن بە مرۆڤ دەبەخشێت.

[9] تەنها ئەوانەی تەمەن درێژن دانا نین و تەنها پیران نین کە دادوەری تێدەگەن.

[10] «لەبەر ئەوە دەڵێم: گوێم لێ بگرن؛ منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.

[11] ئەوەتا من ئارامم گرت لەسەر قسەکانتان، گوێم شل کرد بۆ بەهانەکانتان؛ هەتا قسەکانتان تاقی کردەوە

[12] لێتان وردبوومەوە. بەڵام کەستان بەڵگەتان لە دژی بەهانەی ئەیوب نەهێنایەوە و وەڵامی بەهانەکانی ئەوتان نەدایەوە.

[13] لەبەر ئەوە مەڵێن: ”داناییمان دۆزییەوە؛ با خودا بەرپەرچی ئەیوب بداتەوە، نەک مرۆڤ.“

[14] ئەیوب قسەکانی ئاراستەی من نەکردووە و منیش بە قسەکانی ئێوە وەڵامی نادەمەوە.

[15] «واقیان وڕماوە و هیچ وەڵامیش نادەنەوە؛ قسەیان لێ داماڵرا.

[16] ئێستا کە بێدەنگن، ئایا دەبێت چاوەڕێ بکەم، کە لەوێ ڕادەوەستن بەبێ وەڵام؟

[17] ئێستا منیش بەشی خۆم وەڵام دەدەمەوە؛ منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.

[18] چونکە پڕم لە قسەکردن و ڕۆحی ناخم تەنگاوم دەکات؛

[19] ئەوەتا ناخم وەک شەرابێکە سەرەکەی نەکرابێتەوە، وەک مەشکەیەکی نوێیە خەریکە بدڕێت.

[20] قسە دەکەم با ئاهێکم بەبەردا بێتەوە؛ لێوەکانم دەکەمەوە و وەڵام دەدەمەوە.

[21] لایەنگری کەس ناکەم و مەرایی هیچ کەسێکیش ناکەم؛

[22] چونکە زمانلووسی نازانم جارێ دروستکەرەکەم نامبات.

ئەیوب — Chapters