[1] ئەیوب دیسان بە هەمان شێوە قسەی کردەوە و گوتی:
[2] «بە گیانی خودا کە مافی خۆمی لێم داماڵیوە، سوێند بە توانادارەکە کە ناخی منی تاڵکردووە،
[3] هەتا ئەو کاتەی کە ژیانم لەبەر بێت، هەناسەی خودا لە لووتمدا بێت،
[4] لێوەکانم بە خراپە نادوێن و زمانم بە فێڵ ناگەڕێت.
[5] لە من بەدوور بێت بڵێم کە ڕاستییەکەی لای ئێوەیە، هەتا ئەو کاتەی ژیان بەدەستەوە دەدەم دروستی لە خۆم دانابڕم.
[6] دەستم بە ڕاستودروستی خۆمەوە گرتووە و شلی ناکەم، بە درێژایی ژیانم ویژدانم سەرزەنشتم ناکات.
[7] «با دوژمنم وەک بەدکار بێت و بەرهەڵستکارم وەک زۆردار بێت.
[8] چونکە خوانەناس کە دەبڕدرێتەوە چ هیوایەکی هەیە، کاتێک خودا ژیانی دەڕفێنێت؟
[9] ئایا خودا گوێی لە هاواری دەبێت کە تەنگانەی بەسەردا دێت؟
[10] یان ئایا بە توانادارەکە دڵخۆش دەبێت؟ ئایا هەموو کاتێک داوا لە خودا دەکات؟
[11] «من توانای خوداتان پێ دەناسێنم؛ کارەکانی توانادارەکە لە ئێوە ناشارمەوە.
[12] ئەوەتا ئێوە هەمووتان بینیتان، ئیتر بۆچی بە پووچی دەدوێن؟
[13] «ئەمە بەشی کەسی بەدکارە لەلایەن خوداوە، میراتی ستەمکارە کە لە توانادارەکەوە وەریدەگرن.
[14] ئەگەر کوڕانی زۆر بوون ئەوا بۆ شمشێرن و نەوەکەشی تێر نان نابن.
[15] دەرد پاشماوەکەی دەخاتە ناو گۆڕ و بێوەژنەکانیان ناگرین.
[16] ئەگەر زیو وەک خۆڵ و جلوبەرگ وەک قوڕ کەڵەکە بکات،
[17] ئەوەی ئامادەی دەکات ڕاستودروست لەبەری دەکات، بێتاوان زیوەکەی دابەش دەکات.
[18] وەک قۆزاخەی مۆرانە ماڵەکەی خۆی بنیاد دەنێت و وەک کەپرێک چاودێر دروستی بکات.
[19] بە دەوڵەمەندی ڕادەکشێت، بەڵام جارێکی دیکە نایکات؛ کە چاوی دەکاتەوە هیچی نەماوە.
[20] کارەساتەکان وەک لافاو پێی دەگەن، ڕەشەبایەک بە شەو دەیڕفێنێت.
[21] بای ڕۆژهەڵات هەڵیدەگرێت و دەڕوات، لە شوێنی خۆی ڕایدەماڵێت.
[22] لەبەردەم با بەهێزەکە هەڵدێت، بایەکەش بەبێ بەزەیی لێی دەدات.
[23] بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەی بۆ لێدەدات، بە فیکەلێدان لە جێی خۆیەوە دەریدەکات.»