[1] پیاوێک هەبوو لە خاکی عوچ ناوی ئەیوب بوو، کەسێکی ڕاست و بێ کەموکوڕی بوو، لەخواترس بوو، خۆی لە خراپە لا دەدا.
[2] حەوت کوڕ و سێ کچی هەبوو.
[3] مەڕوماڵاتەکەشی، حەوت هەزار مەڕ و سێ هەزار وشتر و پێنج سەد جووت مانگا و پێنج سەد ماکەر بوو، خزمەتکارەکانیشی زۆر زۆر بوون، ئەیوب لەنێو هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا مەزنترین کەس بوو.
[4] کوڕەکانیشی بە نۆرە هەر جارەی لە ماڵی یەکێکیان خوانیان ساز دەکرد، سێ خوشکەکەیان بانگهێشت دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵیان بخۆن و بخۆنەوە.
[5] کاتێک کە ڕۆژانی خوان سازکردنەکە دەسووڕایەوە، ئەیوب بەدوایاندا دەینارد و پیرۆزی دەکردن، بۆ ڕۆژی پاشتر بەیانی زوو هەڵدەستا و بەپێی ژمارەیان قوربانی سووتاندنی پێشکەش دەکرد، چونکە ئەیوب دەیگوت: «ڕەنگە منداڵەکانم گوناهیان کردبێت و لە دڵیاندا نەفرەتیان لە خودا کردبێت.» ئەیوب بە بەردەوامی ئەم کارەی دەکرد.
[6] ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات.
[7] جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟» شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»
[8] یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ چونکە لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات.»
[9] شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «ئایا ئەیوب بەخۆڕایی لەخواترسە؟
[10] ئایا لەبەر ئەوە نییە کە تۆ لە دەوری خۆی و ماڵەکەی و هەرچی هەیەتی لە هەموو لایەکەوە پەرژینت لێ داوە؟ کارەکانی دەستی ئەوت بەرەکەتدار کردووە، جا مەڕوماڵاتی بەناو زەویدا بڵاو بووەتەوە،
[11] بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە هەموو ئەوە بدە کە هەیەتی، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»
[12] جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا هەرچی هەیەتی لە دەستی تۆدایە، بەڵام دەست بۆ خۆی مەبە.» ئینجا شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە.
[13] ئەوە بوو ڕۆژێکیان کوڕ و کچەکانی لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە.
[14] نێردراوێک بۆ لای ئەیوب هات و گوتی: «مانگاکان جووتیان دەکرد و ماکەرەکانیش لەلایانەوە دەلەوەڕان،
[15] سەبئییەکان بەسەریاندا دان و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
[16] هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و مەڕەکان و خزمەتکارەکانی سووتاند، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
[17] هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «کلدانییەکان بە سێ کۆمەڵەوە پەلاماری وشترەکانیان دا و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
[18] هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «کوڕ و کچەکانت لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە،
[19] لەناکاو بایەکی بەهێز لە چۆڵەوانییەوە هات و لە هەر چوار گۆشەی ماڵەکەی دا و ماڵەکە بەسەر خزمەتکارەکاندا داڕما و مردن، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
[20] جا ئەیوب هەستا و کەواکەی دادڕی و سەری خۆی ڕنییەوە و کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد،
[21] گوتی: «بە ڕووتی لە سکی دایکمەوە هاتووم و بە ڕووتیش دەگەڕێمەوە ئەوێ. یەزدان دای و یەزدانیش بردییەوە، ستایش بۆ ناوی یەزدان.»
[22] لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەیوب گوناهی نەکرد و خودای خەتابار نەکرد.