[1] ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
[2] «ڕاستە ئێوە گەلێکن، بە مردنتان داناییش دەمرێت،
[3] بەڵام منیش وەک ئێوە تێگەیشتنم هەیە، من لە ئێوە کەمتر نیم. ئایا ئەوەی تۆ دەیڵێیت لای هەموو کەسێک نەزانراوە؟
[4] «لە خودا پاڕامەوە و ئەویش وەڵامی دایەوە، بەڵام بووم بە گاڵتەجاڕی هاوڕێیەکانم، هەرچەندە پیاوێکی ڕاستودروست و بێ کەموکوڕیم، بوومە مایەی گاڵتەجاڕی!
[5] کەسێکی دڵنیا گاڵتە بە شکستی پێ هەڵخلیسکاو دەکات.
[6] چادری تێکدەران ئارامە و ئاسوودەییش بۆ ئەوانەی خودا تووڕە دەکەن، بۆ ئەوانەی بە دەستی خۆیان بتەکانیان دەهێنن.
[7] «بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە، ئەوان فێرت دەکەن، هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە، ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛
[8] یان لەگەڵ زەوی بدوێ، فێرت دەکات، ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن.
[9] کام لەمانە نازانێت کە دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟
[10] ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟
[11] ئایا گوێ قسەکان تاقی ناکاتەوە و مەڵاشوو تامی خواردن ناکات؟
[12] لە ڕیش سپیێتی دانایی و لە تەمەن درێژیش تێگەیشتن.
[13] «دانایی و تواناداری لەلای خوداوەیە، ڕاوێژ و تێگەیشتن هی ئەون.
[14] ئەوەی دەڕووخێنێت بنیاد نانرێتەوە، ئەگەر دەرگای لەسەر کەسێک داخست لێی ناکرێتەوە.
[15] ڕێ لە ئاو دەگرێت، وشکەساڵی دێت، بەڕەڵای دەکات زەوی سەرەوژێر دەکات.
[16] هێز و دانایی لەلای ئەوە، چەواشەکار و چەواشەکراو هی ئەون.
[17] ڕاوێژکاران بە پێ خاوسی دەبات، دادوەران تووشی شێتی دەکات.
[18] کۆتی پاشاکان دەکاتەوە و ناوقەدیان بە پشتێن دەبەستێتەوە.
[19] کاهینەکان بە پێ خاوسی دەبات و پتەوەکان سەرەوژێر دەکات.
[20] ڕێگری گفتوگۆ لە شارەزایان دەکات، ژیری لە پیران دەستێنێتەوە.
[21] سووکایەتی بەسەر پایەداراندا دەبارێنێت و پشتێنی بەهێزان شل دەکاتەوە.
[22] قووڵاییەکان لە تاریکی ئاشکرا دەکات و سێبەری مەرگ بۆ ڕووناکی دەردەخات.
[23] نەتەوەکان مەزن دەکات و لەناویان دەبات، نەتەوەکان بەرفراوان دەکات و پەرتەوازەیان دەکات.
[24] مێشک لە سەرکردەکانی گەلی زەوی دەستێنێتەوە و لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا وێڵیان دەکات.
[25] لە تاریکیدا بە پەلەکوتێ دەڕۆن و ڕووناکی نییە، وەک سەرخۆش بە ئەملا و ئەولادا دەکەون.