[1] «بۆچی خودای هەرە بە توانا کاتەکانی دادگاییکردنی خراپەکاران دیاری ناکات؟ بۆچی خواناسەکان ئەو ڕۆژانە نابینن؟
[2] خراپەکاران سنوور دەگوازنەوە، دەست بەسەر مێگەلێکدا دەگرن و دەیلەوەڕێنن.
[3] گوێدرێژی هەتیوان دەدەنە پێش خۆیان و گای بێوەژن وەک بارمتە دەبەن.
[4] نەداران لەسەر ڕێگا دەردەکەن، هەژارانی خاکەکە ناچار دەکەن خۆیان بشارنەوە.
[5] هەژاران وەک کەرەکێوی لە چۆڵەوانی، بۆ گەڕان بەدوای خواردندا دەچن، دەشتودەریش نان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکات.
[6] لە کێڵگە ئالیکی خۆیان دروێنە دەکەن، لە ڕەزی خراپەکار هەڵدەگرنەوە.
[7] بە ڕووتی بەبێ جل سەر دەنێنەوە، هیچ بەرگێکیان نییە لە سەرمادا.
[8] لەبەر نەبوونی پەناگا بە بارانی چیاکان تەڕ دەبن و خۆیان بە تاشەبەردەوە دەگرن.
[9] بەدکار هەتیو لە مەمکان دەڕفێنن، منداڵی ساوای هەژار وەک بارمتە دەگرن.
[10] نەدار بە ڕووتی دەڕۆن بەبێ جل، بە برسیێتی کۆڵەکان هەڵدەگرن.
[11] لەنێو کەڵەکی زەوییەکان زەیت دەگوشن، بە پێیان گوشەرەکان دەپەستن و تینوو دەبن.
[12] ئەوانەی لەناو شار لەناودەچن دەناڵێنن، گیانی برینداران بۆ فریاکەوتن هاوار دەکەن، بەڵام خودا هیچ کەس بە خراپەکاری تاوانبار ناکات.
[13] «ئەوانە کە لە ڕووناکی یاخین، نە ڕێگاکانی دەزانن و نە لە ڕێڕەوەکانی دەمێننەوە.
[14] بکوژ لەگەڵ ڕووناکی هەڵدەستێت و هەژار و نەدار دەکوژێت؛ بە شەویش بۆ دزی دەچێت.
[15] چاوی داوێنپیسیش تێبینی تاریکوڕوونی دەکات؛ دەڵێت: ”هیچ چاوێک چاودێریم ناکات،“ ڕووپۆشێک لەسەر ڕووی دادەنێت.
[16] لە تاریکیدا ماڵ دەبڕن، لە ڕۆژیشدا دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن؛ ڕووناکی ناناسن.
[17] تاریکی شەو بەیانییە لەلای ئەوان، هاوڕێی تۆقێنەرەکانی تاریکین.
[18] «لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە کەفن لەسەر ڕووی ئاوەکان؛ بەشیان لە زەوی نەفرەت لێکراوە، لەبەر ئەوە کەس ناچێتە ڕەزەکان.
[19] وەک چۆن وشکەساڵی و گەرما ئاوی بەفر دەبات، جیهانی مردووانیش گوناهباران دەڕفێنێت.
[20] سکی دایک لەبیریان دەکات و کرم تامی دەمی پێیان خۆش دەکات؛ ئیتر یادی خراپەکار ناکرێتەوە و وەک دار دەشکێت.
[21] لەگەڵ نەزۆک کە منداڵی نەبووە بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەن، هیچ چاکەیەک لەگەڵ بێوەژن ناکەن.
[22] بەڵام خودا بە هێزی خۆی پاڵەوانان دەگرێت؛ هەرچەندە هەڵدەستن بەڵام کەسیان لە ژیانی خۆی دڵنیا نابێت.
[23] دەشێت بیانهێڵێت بە ئاسوودەیی بژین، بەڵام چاوی لەسەر ڕێگاکانیانە.
[24] کەمێک پایەدار دەبن و ئیتر نامێنن؛ نزم دەبن و وەک هەمووان کۆدەکرێنەوە، وەک سەری گوڵەگەنم دەبڕێنەوە.
[25] «ئەگەر وا نییە، کێ بە درۆم دەخاتەوە و قسەکانم وەک هیچ لێ دەکات؟»