Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:28

[1] یەزدان بە ئەیوبی فەرموو:

[2] «ئایا ئەوەی ڕکابەری لەگەڵ توانادارەکە دەکات مافی ئەوەی هەیە سەرزەنشتی بکات؟ ئەوەی خودا تاوانبار دەکات با وەڵام بداتەوە!»

[3] ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:

[4] «من وا سووکوچروکم، چۆن وەڵامت بدەمەوە؟ من دەست دەخەمە سەر دەمی خۆم.

[5] جارێک قسەم کرد و بێ وەڵام بووم، دوو جار و ئیتر دووبارەی ناکەمەوە.»

[6] یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:

[7] «ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە؛ من پرسیارت لێ دەکەم و تۆش وەڵامم بدەوە.

[8] «ئایا دادپەروەریم دەخەیتە گومانەوە، تاوانبارم دەکەیت بۆ ئەوەی خۆت بە ڕاستودروست دەربخەیت؟

[9] یان بازووێکت وەک خودا هەیە و بە دەنگێکی وەک دەنگی ئەو دەگرمێنیت؟

[10] ئێستا بە پایەبەرزی و سەرفرازی خۆت بڕازێنەوە، ڕێز و شکۆمەندی بپۆشە.

[11] لافاوی تووڕەییەکەت بڕێژە و تەماشای هەموو لووتبەرزێک بکە و نزمی بکەرەوە،

[12] سەیری هەموو خۆبەزلزانێک بکە و زەلیلی بکە، لە جێی خۆیان پێ بە خراپەکاراندا بنێ.

[13] تێکڕا لەناو خۆڵ نوقومیان بکە، لە تاریکیدا ڕوویان بەند بکە.

[14] منیش دان بەوەدا دەنێم، کە دەستە ڕاستی خۆت دەتوانێت ڕزگارت بکات.

[15] «سەیری بەهێمۆت بکە، کە لەگەڵ تۆ دروستم کرد وەک مانگا گیا دەخوات.

[16] ئەوەتا هێزەکەی لە کەمەریەتی و تواناکەی لە ماسوولکەکانی سکیەتی.

[17] کلکی وەک داری ئورز شۆڕ دەکاتەوە؛ ماسوولکەکانی ڕانی یەکیان تەنیوە.

[18] ئێسکەکانی لوولەی بڕۆنزن، چوارپەلی وەکو لوولەی ئاسنن.

[19] ئەو سەرەتای کارەکانی خودایە، بەڵام دروستکەرەکەی دەتوانێت بە شمشێر لێی نزیک بێتەوە.

[20] چیاکان سەوزایی بۆ دەردەخەن و هەموو ئاژەڵی کێوی لەتەنیشتی یاری دەکەن.

[21] لەژێر درەختەکانی لۆتس ڕادەکشێت، خۆی دەشارێتەوە لەنێو قامیشی زۆنگەکاندا.

[22] درەختەکانی لۆتس بە سێبەرەکانیان دایدەپۆشن؛ شۆڕەبی کەنار جۆگەکان دەوری دەدەن.

[23] ئەگەر ئاوی ڕووبار هەستێت یان ڕووباری ئوردونیش تەووژم بۆ دەمی بهێنێت، ئەو دڵنیایە و ترسی لێ نانیشێت.

[24] ئایا کەس دەتوانێت ڕوو بە ڕوو ڕاوی بکات، یان بە تەڵە بیگرێت و لووتی کون بکات؟

ئەیوب — Chapters