Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:50

[1] «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، شمشێرێکی تیژ وەک گوێزانی سەرتاش بۆ خۆت ببە و بەسەر سەر و ڕیشتدا بیهێنە. تەرازووێک بۆ کێشان بۆ خۆت ببە مووەکە بەش بکە.

[2] کە ڕۆژانی گەمارۆکە تەواو دەبێت سێیەکی لەناوەڕاستی شارەکەدا بە ئاگر بسووتێنە، سێیەکیشی ببە و لە دەوروبەری شارەکە بە شمشێر لێی بدە، سێیەکیشی بە بادا بکە، لەبەر ئەوەی من بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.

[3] چەند تاڵێک مووی کەم بە ژمارە لێی ببە و بە دامێنی کراسەکەی خۆتەوە گرێی بدە.

[4] هەروەها هەندێکیشی ببە و فڕێیبدە ناو ئاگر و بە ئاگر بیسووتێنە. لەوەوە ئاگر دەردەچێت بۆ سەر هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل.

[5] «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمە ئۆرشەلیمە کە لە ناوەڕاستی نەتەوەکاندا داممەزراند، چەند خاکێکیش بە چواردەوریدا.

[6] جا لە نەتەوەکان و لە خاکەکانی دەوروبەری خراپتر لە حوکم و لە فەرزەکانم یاخی بوو، چونکە حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن.

[7] «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو نەتەوانەی دەوروبەرتان زیاتر هاتوهەراتان کرد و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن و بەپێی حوکمەکانی منتان نەکرد. تەنانەت بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەریشتان نەڕۆیشتن.

[8] «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئۆرشەلیم، منیش لە دژی تۆم، لەبەرچاوی نەتەوەکان سزاکان بەسەرتدا دەسەپێنم.

[9] لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت، وات پێ دەکەم کە نەمکردووە، پاشان وەک ئەوە ناکەمەوە.

[10] لەبەر ئەوە لەناو تۆدا باوک کوڕ دەخوات و کوڕیش باوکی دەخوات، سزاکانم دەسەپێنم و هەموو پاشماوەکەت بە دەم هەموو بایەکەوە پەرتەوازە دەکەم.

[11] لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی بە هەموو پەیکەرە گڵاو و وێنە قێزەونەکانت پیرۆزگای منت گڵاوکرد، پاڵپشتیت ناکەم و بە چاوی بەزەییەوە تەماشات ناکەم و دەستم لێت ناپارێزم.

[12] سێیەکت بە دەرد دەمرێت و بە قاتوقڕی لە ناوەڕاستی تۆدا لەناودەچن، سێیەکیشت بە شمشێر لە دەوروبەرت دەکوژرێن، سێیەکیشت بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازە دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.

[13] «ئینجا تووڕەییم تەواو دەبێت و هەڵچوونم دادەمرکێتەوە و تۆڵەیان لێ ناکەمەوە. کاتێک هەڵچوونم هەڵڕشت دەزانن کە من یەزدانم لە کاتی دڵگەرمیم فەرمووم.

[14] «وێران و ڕیسوات دەکەم لەنێو ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان، لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک.

[15] جا ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان لێت دەتۆقن و دەبیتە مایەی ڕیسوایی و جنێو و ئاگادارکردنەوە، کە بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرزەنشتی توندەوە سزام بەسەرتدا سەپاند. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.

[16] کە تیری کوشندەی قاتوقڕیم تێگرتن، ئەوەی بۆ وێرانی دەبێت، بۆ وێرانیتان دەیهاوێم. نانتان لێ دەبڕم و قاتوقڕیتان لەسەر زیاد دەکەم.

[17] کاتێک قاتوقڕی و دڕندەی خراپ دەنێرمە سەرتان، جەرگتان دەسووتێنن. دەرد و خوێن بەناوتدا تێدەپەڕێت و شمشێر بەسەرتدا دەهێنم. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»

حزقیێل — Chapters