[1] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ئافرەت هەبوون، کچی یەک دایک بوون،
[3] بە هەرزەکاری لە میسر لەشفرۆشیان کرد، لەوێ ختووکەی مەمکیان درا و گۆی مەمکی پاکیزەییان دەستبازی پێ کرا.
[4] گەورەکەیان ناوی ئۆهۆلا بوو و خوشکەکەشی ئۆهۆلیڤا. ئەوان هی من بوون و کوڕ و کچیان بوو، ناوەکانیشیان، ئۆهۆلا سامیرەیە و ئۆهۆلیڤا ئۆرشەلیمە.
[5] «ئۆهۆلا لەگەڵ ئەوەی هی من بوو لەشفرۆشی کرد و هەوەسبازی لەگەڵ دۆستانی کرد، لەگەڵ پاڵەوانەکانی ئاشور،
[6] ئەوانەی جلی مۆریان پۆشیوە، فەرمانڕەوا و پارێزگارەکان، هەموویان گەنجی هەوەسدار و ئەسپ سوارن.
[7] لەشی خۆی بە هەموو هەڵبژاردەکانی نەوەی ئاشور فرۆشت، بە هەموو ئەوانەی هەوەسبازی لەگەڵ کردن گڵاو بوو، بە هەموو بتەکانیان.
[8] وازی لە لەشفرۆشییەکەی میسریش نەهێنا، چونکە بە هەرزەکاری لەگەڵی جووت بوون و دەستبازییان بە گۆی مەمکی پاکیزەیی کرد و هەوەسی خۆیان بەسەریدا ڕشت.
[9] «لەبەر ئەوە دامە دەست دۆستەکانی، دەست نەوەی ئاشور کە بە عەشقی بۆیان سووتا بوو.
[10] ئەوان ڕووتییەکەیان دەرخست، کوڕ و کچەکانیان برد و ئەویشیان بە شمشێر کوشت. جا بۆ ژنان بوو بە پەند، حوکمی بەسەردا درا و جێبەجێ کرا.
[11] «ئۆهۆلیڤای خوشکی ئەمەی بینی، لەگەڵ ئەوەشدا گەندەڵی و هەوەسبازییەکەی و لەشفرۆشییەکەی زیاتر بوو لە لەشفرۆشی خوشکەکەی.
[12] هەوەسی چووە سەر نەوەی ئاشور، فەرمانڕەوا و پارێزگارەکان، پاڵەوانەکان، کە نایابترین جلیان لەبەردایە، ئەسپ سوارن و هەموو گەنجی هەوەسدارن.
[13] بینیم ئەویش گڵاو بوو، هەردووکیان یەک ڕێگایان گرتبووە بەر.
[14] «بەڵام ئۆهۆلیڤا لەشفرۆشییەکەی زیاتر کرد، کاتێک لەسەر دیوارێک وێنەی پیاوە بابلییەکانی بینی کە بە سووری ئاڵ وێنەیان کێشرابوو،
[15] پشتێن بە ناوقەدیانەوە و مێزەرەکانیان بەسەر سەریانەوە شۆڕ بووەتەوە. هەموویان بە ڕوخسار لە فەرماندە دەچن، لە شێوەی بابلییەکان کە کلدان خاکی لەدایکبوونیانە.
[16] هەر کە چاوی پێیان کەوت، هەوەسی چووە سەریان، نێردراوی بۆ لایان نارد بۆ خاکی کلدانییەکان.
[17] نەوەکانی بابلیش بۆ ناو نوێنی خۆشەویستی بۆی هاتن و بە هەوەسبازی خۆیان گڵاویان کرد. پاش ئەوەی پێیان گڵاو بوو پشتی لێکردن.
[18] لەشفرۆشی و ڕووتی خۆی بەدەرخست، جا پشتم لێکرد، وەک چۆن پشتم لە خوشکەکەشی کردبوو.
[19] کاتێک ڕۆژانی هەرزەکاری بەبیر هاتەوە کە تێیدا لە خاکی میسر لەشی خۆی فرۆشت لەشفرۆشی خۆی زیاتر کرد.
[20] هەوەسی چووە سەر هەوەسبازەکانیان، ئەوانەی ئەندامی نێرینەیان وەک هی نێرەکەرە و پەڕینیان وەک پەڕینی ئەسپە.
[21] بیری بەدڕەوشتی سەردەمی هەرزەکاریت کرد کە میسرییەکان دەستبازییان بە گۆی مەمکت دەکرد لەبەر مەمکی هەرزەکاریت.
[22] «ئەی ئۆهۆلیڤا، لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من دۆستەکانی خۆت لێ هاندەدەم، ئەوانەی پشتت لێکردن، لە هەموو لایەکەوە دەیانهێنمە سەرت،
[23] نەوەکانی بابل و هەموو کلدانییەکان، پەقۆد و شوەع و قوەع، هەموو نەوەی ئاشوریش لەگەڵیان، گەنجە هەوەسدارەکان، هەموویان فەرمانڕەوا و پارێزگارن، فەرماندە و پاڵەوانن، هەموو ئەسپ سوارن.
[24] جا بە کۆمەڵی نەتەوەکانەوە دێنە سەرت، بە چەک و گالیسکە و عەرەبانەوە، بە قەڵغانی گەورە و بچووک و بە کڵاوی ئاسنینەوە دەورەت دەگرن. منیش سزاکەت دەدەمە دەست ئەوان و بە حوکمەکانی خۆیان سزات دەدەن.
[25] ئیرەییەکەم لە دژی تۆ دەبێت، بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەن، لووت و گوێت دەبڕن و پاشماوەکەت بە شمشێر دەکوژرێت. کوڕ و کچەکانت دەبەن و پاشماوەکەت بە ئاگر هەڵدەلووشرێت.
[26] هەروەها جلت لەبەر دادەماڵن و کەرەستەی ڕازاندنەوەکەت دەبەن.
[27] کۆتایی بە بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت دەهێنم کە لە خاکی میسرەوە دەستت پێکرد. ئینجا چاوت بەرز ناکەیتەوە بۆیان و ئیتر میسرت لەبیر نابێت.
[28] «چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئۆهۆلیڤا من خەریکم دەتدەمە دەست ئەوانەی ڕقت لێیان بووەوە، بە دەست ئەوانەی پشتت لێکردن،
[29] جا بە قینەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەن، هەموو بەری ڕەنجت دەبەن و بە ڕووتوقووتی بەجێت دەهێڵن، بێ شەرمی لەشفرۆشیت و بەدڕەوشتی و هەوەسبازییەکەت ئاشکرا دەکرێت.
[30] ئەمەیان بەسەرت هێناوە، چونکە بەدوای نەتەوەکانەوە هەوەسبازیت کرد و بە بتەکانیان خۆتت گڵاوکرد.
[31] ڕێگای خوشکت گرتەبەر، لەبەر ئەوە جامەکەی ئەو دەدەمە دەستی تۆ.
[32] «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «تۆ لە جامی خوشکت دەخۆیتەوە، کە قووڵ و بەرینە، جامەکەش دەبیتە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن، چونکە زۆر دەگرێت.
[33] پڕ دەبیت لە مەستی و خەم، چونکە جامی سامیرەی خوشکتە، جامی واقوڕمان و وێرانییە.
[34] جا دەیخۆیتەوە هەتا چۆڕبڕی دەکەیت، پاشان پارچەپارچەی دەکەیت و مەمکی خۆت لەتوکوت دەکەیت، چونکە من قسەم کرد، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
[35] «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە منت لەبیر کرد و پشت گوێت خستم، لەبەر ئەوە بەرگەی بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت بگرە.»
[36] هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم بەسەر ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا دەدەیت؟ بەڵکو ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆیان بکەرەوە،
[37] چونکە لەشی خۆیان فرۆشت و دەستیان بە خوێنە، لەگەڵ بتەکانیان داوێنپیسییان کرد، هەروەها ئەو کوڕانەی کە بۆ منیان بوو وەک خۆراک بۆ بتەکانیان بە ئاگر سووتاندیانن.
[38] هەروەها ئەمەشیان بە من کرد: لەو ڕۆژەدا پیرۆزگاکەی منیان گڵاوکرد و شەممەکانی منیان پیس کرد.
[39] کە ڕۆڵەکانی خۆیان بۆ بتەکانیان سەربڕی، ئەو ڕۆژە بۆ پیرۆزگاکەم هاتن تاوەکو گڵاوی بکەن. لەوێ لەناوەڕاستی ماڵەکەمدا ئەوەیان ئەنجام دا.
[40] «تەنانەت نێردراویان نارد بۆ ئەوەی چەند پیاوێک لە دوورەوە بێن، کاتێک هاتن، ئۆهۆلیڤا، تۆ خۆتت بۆیان شوشت و کلت لە چاوان کرد و بە خشڵ خۆتت ڕازاندەوە.
[41] لەسەر سەکۆیەکی نایاب لەبەردەم مێزێکی ئامادەکراو دادەنیشتیت و بخوور و زەیتی منت لەسەر دادەنا.
[42] «دەنگی کۆمەڵێک بیسترا کە لە دەوروبەری ڕایاندەبوارد، لەگەڵ زۆروبۆری خەڵک. سەبئییەکان لە چۆڵەوانییەوە هێنرابوون، ئەوانەی بازنیان کردە دەستی ئەو دووانە و تاجی جوانیان خستە سەر سەریان.
[43] ئینجا سەبارەت بەوەی لە داوێنپیسی ماندوو بوو، فەرمووم: ”ئێستا با بۆ لەشفرۆشی بەکاریبهێنن، چونکە ئەو تەنها لەشفرۆشێکە.“
[44] جا بۆی چوونە ژوورەوە، وەک ئەوەی بۆ لەشفرۆشێک بچنە ژوورەوە. ئاوا چوونە ژوورەوە، بۆ لای ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا، دوو ژنە لەشفرۆشەکە.
[45] لەبەر ئەوەی داوێنپیسن و دەست بە خوێنن، دادوەرانی ڕاستودروست حوکمیان دەدەن، حوکمی داوێنپیس و حوکمی خوێنڕێژ، چونکە داوێنپیسن و دەست بە خوێنن.
[46] «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چەتە دەهێنمە سەریان و دەیاندەمە دەست تۆقین و تاڵان.
[47] چەتەکان بەردبارانیان دەکەن، بە شمشێرەکانیان لەتوپەتیان دەکەن، کوڕ و کچەکانیان سەردەبڕن، خانووەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن.
[48] «جا کۆتایی بە بەدڕەوشتی دەهێنم لە خاکەکە، هەموو ژنان پەندی لێ وەردەگرن و وەک بەدڕەوشتییەکەی ئێوە ناکەن.
[49] بەدڕەوشتییەکەی خۆتان بەسەر خۆتان دەگێڕنەوە، گوناهی بتەکانتان هەڵدەگرن. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.»