[1] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کێوی سێعیر بکە و پێشبینی لەسەر بکە و
[3] پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی کێوی سێعیر، من لە دژی تۆم و دەستم درێژ دەکەم بۆ سەرت، چۆڵ و وێرانت دەکەم.
[4] شارۆچکەکانت کاول دەکەم، تۆش چۆڵ دەبیت، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
[5] «”چونکە لەمێژە دوژمنایەتیت لە دڵە و لە کاتی تەنگانەی ئیسرائیلییەکان کە سزادانیان گەیشتبووە لووتکە، بە ناپاکی ئەوانت دایە دەست شمشێر،
[6] لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من ئامادەت دەکەم خوێنت بڕژێت، خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت، چونکە ڕقت لە خوێنڕشتن نەبوو، لەبەر ئەوە خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت.
[7] کێوی سێعیر دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، هاتوچۆی تێدا ڕیشەکێش دەکەم.
[8] چیاکانت لە کوژراو پڕ دەکەم، گرد و دۆڵ و هەموو شیوەکانت کوژراوی بە شمشێر تێیدا دەکەون.
[9] دەتکەمە وێرانەی هەتاهەتایی و شارۆچکەکانت ئاوەدان نابن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
[10] «”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ئەم دوو نەتەوەیە و ئەم دوو خاکە بۆ من دەبن و ئێمە داگیریان دەکەین، ئەگەر یەزدانیش لەوێ بێت‘،
[11] یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: لەبەر ئەوە بە گیانی خۆم، لەسەر تووڕەیی و بەغیلییەکەت سزات دەدەم، ڕەفتارت لەگەڵ دەکەم هەروەک چۆن تۆ بە قینەوە ڕەفتارت لەگەڵ ئەواندا کرد، خۆمیان پێ دەناسێنم کاتێک حوکمت دەدەم.
[12] جا دەزانیت کە من یەزدانم و گوێم لە هەموو قسە سووکەکانت بوو، کە لە دژی چیاکانی ئیسرائیل کردت، کە گوتت: ’وێران کران و پێمان دران ببن بە خۆراکمان.‘
[13] بە دەمتان خۆتان بەسەر مندا گەورە کرد و قسەی زۆرتان لە دژی من کرد، من گوێم لێبوو.
[14] یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک هەموو زەوی دڵخۆشە، من وێرانت دەکەم.
[15] وەک چۆن تۆ دڵخۆش بوویت بە میراتەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل چونکە بوو بە وێرانە، بە هەمان شێوەت پێ دەکەم. ئەی کێوی سێعیر، وێران دەبیت، تۆ و سەراپا هەموو ئەدۆم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»