Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:36

[1] لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی دوازدەیەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی سور دەربارەی ئۆرشەلیم گوتی: ”هۆیها! دەروازەکەی ڕوو لە گەلان شکا، دەرگاکانی کەوتنە سەر پشت، وێرانبوونی ئەو قازانجی منە.“

[3] لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی سور، من لە دژی تۆم، هەروەک دەریا شەپۆلەکانی بەرز دەکاتەوە، من چەندین نەتەوە دەهێنمە سەرت.

[4] جا ئەوان شووراکانی سور دەڕووخێنن و قوللەکانی تێکدەدەن، منیش خۆڵەکەی لەسەر ڕادەماڵم و دەیکەم بە بەردی ڕووت.

[5] دەبێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی تۆڕ لەناو دەریا، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. سور دەبێتە دەستکەوت بۆ نەتەوەکان و

[6] شارۆچکەکانی دەوروبەری بە شمشێر وێران دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.

[7] «چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە باکوورەوە نەبوخودنەسری پاشای بابل دەهێنمە سەر سور، پاشای پاشایان، بە ئەسپ و گالیسکە و سوار و لەشکرێکی مەزنەوە.

[8] جا شارۆچکەکانی دەوروبەرت بە شمشێر وێران دەکات، سەنگەرت لە دەور لێدەدەن و قوللەت لەسەر بنیاد دەنێت، سەنگەرت لە دەور لێدەدات و قەڵغانت لێ هەڵدەگرێت.

[9] مەنجەنیق دەخاتە سەر شووراکانت و بە چەکەکانی قوللەکانت دەڕووخێنێت.

[10] لە زۆری ئەسپەکانی تۆزیان داتدەپۆشێت. لە دەنگی ئەسپ سوار و عەرەبانە و گالیسکەکان شووراکانت دەلەرزن، کاتێک دێتە ناو دەروازەکانتەوە، وەک چوونەناو شارێکی پڕ کەلێن.

[11] بە سمی ئەسپەکانی هەموو شەقامەکانت دەپەستێتەوە، گەلەکەت بە شمشێر دەکوژێت، کۆڵەکە بەهێزەکانت دەکەونە سەر زەوی.

[12] سامانت تاڵان دەکەن، بازرگانیت زەوت دەکەن، شووراکانت دەڕووخێنن، خانووە جوانەکانت تێکدەدەن، بەرد و دار و خۆڵت دەخەنە ناو دەریاوە.

[13] دەنگی ناسازی گۆرانییەکانت کۆتایی پێ دەهێنم، چیتر دەنگی قیسارەکانت نابیسترێنەوە.

[14] دەتکەمە بەردی ڕووت و دەبیتە شوێنی بڵاوکردنەوەی تۆڕەکان. جارێکی دیکە بنیاد نانرێیتەوە، چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

[15] «یەزدانی باڵادەست بە سور ئەمە دەفەرموێت: ئایا ناوچەکانی کەناری دەریا لەگەڵ دەنگی کەوتنت، لەگەڵ هاواری بریندار و کەوتنی کوژراوان لەناوەڕاستی تۆدا نالەرزن؟

[16] هەموو میرانی کەناری دەریا لەسەر تەختەکانیان دادەبەزن و کەواکانیان دادەماڵن و کراسە نەخشینەکانیان دادەکەنن، بەرگی تۆقین دەپۆشن و لەسەر زەوی دادەنیشن و هەموو چرکەیەک دەلەرزن، واقیان لێت وڕدەمێنێت.

[17] شینت بۆ دەگێڕن و پێت دەڵێن: «”ئەی شارە بەناوبانگەکە، چۆن لەناوچوویت؟ چۆن هێزە دەریاییەکەت لەناوچوو؟ بەهێز بوویت لە دەریا، خۆت و دانیشتووانەکەت، هەموو ئەوانەی کە لەوێدا دەژیان تۆ ترس و تۆقینت هێنایە سەریان.

[18] گەلانی کەناری دەریاکان لە ڕۆژی کەوتنت دەلەرزن، دوورگەکانی ناو دەریا لەبەر نەمانت دەوروژێن.“

[19] «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک وەک شارە بێ ئاوەدانییەکان دەتکەمە شارێکی وێران، کاتێک قووڵایی دەریاکان دەهێنمە سەرت و ئاوە زۆرەکان داتدەپۆشن،

[20] لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان تۆش دەخەمە ناوی، بۆ لای ئەو گەلانەی کە لەمێژەوە مردوون و لە نزماییەکانی زەوی داتدەنشێنم. لە کاولگە هەتاهەتاییەکان لەگەڵ ئەوانەی کە دەچنە نێو جیهانی مردووان، بۆ ئەوەی لە خاکی زیندوواندا ئاوەدان نەبیت و نەدرەوشێیتەوە.

[21] دەتکەمە کارەسات و ئیتر بوونت نابێت، بەدواتدا دەگەڕێن و چیتر نادۆزرێیتەوە، هەتاهەتایە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

حزقیێل — Chapters