Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:37

[1] ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی هێنایە لای دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان. بیست و پێنج پیاو لەبەر دەروازەکە بوون و لەنێویاندا دوو ڕابەری گەل، یازەنیاهوی کوڕی عەزور و پەلەتیای کوڕی بەنایام بینی.

[2] یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوانە ئەو پیاوانەن کە بیر لە بەدکاری دەکەنەوە، لەم شارە پیلان دادەڕێژن و ڕاوێژی خراپ پێشکەش دەکەن،

[3] دەڵێن: ”کاتەکە لەبار نییە بۆ دروستکردنی خانوو، شار مەنجەڵە و ئێمەش گۆشتەکەین.“

[4] لەبەر ئەوە پێشبینی بکە لەسەریان، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە!»

[5] جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و پێی فەرمووم: «بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە وا دەڵێن، بەڵام من دەزانم چی لەژێر سەرتانە.

[6] زۆرتان لەو شارە کوشتووە، کۆڵانەکانیتان پڕکرد لە کوژراو.

[7] «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوانەی ئێوە کوشتتان و فڕێتاندانە ناوەڕاستی شارەکە، ئەوان گۆشتن و شاریش مەنجەڵەکە، ئێوەش لەناوەڕاستی دەردەکەم.

[8] ئێوە لە شمشێر دەترسن، شمشێرتان دەهێنمە سەر. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

[9] لە شار دەرتاندەهێنم و دەتاندەمە دەست بێگانە، سزاتان دەدەم.

[10] بە شمشێر دەکوژرێن، لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.

[11] ئەم شارە بۆ ئێوە نابێت بە مەنجەڵ و ئێوەش نابن بە گۆشتەکەی ناوی، بەڵکو لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم.

[12] ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، چونکە ڕێگای فەرزەکانی منتان پەیڕەو نەکردووە و کارتان بە حوکمەکانی من نەکردووە، بەڵکو بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆتان ڕۆیشتن.»

[13] کاتێک کە پێشبینیم دەکرد، پەلەتیای کوڕی بەنایا مرد. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم و بە دەنگێکی بەرز هاوارم کرد و گوتم: «ئای یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەبەیت؟»

[14] ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[15] «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی ئۆرشەلیم سەبارەت بە براکانت، خزمەکانی خۆت و هەموو ڕاپێچکراوانی گەلی ئیسرائیل، گوتیان: ”ئەوان لە یەزدان دوورکەوتنەوە، لەبەر ئەوە یەزدان خاکەکەی بە میرات بە ئێمە بەخشی.“

[16] «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکانیش دوورم خستبنەوە و بەناو خاکەکاندا پەرتەوازەم کردبن، بۆ ماوەیەکی کەم بۆ ئەوان بووم بە پەناگایەکی پیرۆز لەو خاکانەی کە بۆی چوون.“

[17] «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“

[18] «بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن.

[19] یەک دڵیان دەدەمێ، ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە. ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ،

[20] بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن، ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان.

[21] بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە، من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

[22] ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.

[23] شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە.

[24] ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان. لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما،

[25] ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند.

حزقیێل — Chapters