Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:44

[1] لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا.

[3] پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ، دایبنێ و ئاوی تێ بکە.

[4] پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە، هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان، پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە.

[5] باشترین مەڕی مێگەل ببە و دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە، بە تەواوی بیکوڵێنە، با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن.

[6] «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە، ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە، ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو! پارچەپارچە دەریبهێنن، تیروپشکی لەسەر مەکەن.

[7] «”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لەناوەڕاستیدایە، چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە، نەیڕشتە سەر زەوی، تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت.

[8] بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا، تاکو دانەپۆشرێت.

[9] «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە! هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم.

[10] دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە، گۆشتەکە پێ بگەیەنە، بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە، لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت.

[11] دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ، با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت، جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و ژەنگەکەی نامێنێت.

[12] ڕەنجیان بە خەسار چوو، ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا، تەنانەت بە ئاگریش.

[13] «”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە.

[14] «”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

[15] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[16] «ئەی کوڕی مرۆڤ، من خەریکم بە لێدانی گورزێک ئەوەی چاوت ئارەزووی دەکات لێتی دەستێنم، جا مەلاوێوە و مەگریێ و فرمێسک مەڕێژە.

[17] بە کپی ئاخ هەڵکێشە، شیوەن مەگێڕە بۆ مردوو. مێزەر لە خۆت بپێچە، با پێڵاوەکانت لە پێتدا بن و سمێڵت دامەپۆشە و نانی ماتەم مەخۆ.»

[18] بۆ بەیانی قسەم لەگەڵ گەل کرد و بۆ ئێوارە ژنەکەم مرد، ڕۆژی دواتریش چۆن فەرمانم پێ کرابوو وام کرد.

[19] ئینجا گەل لێیان پرسیم: «ئایا پێمان ناڵێیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت پەیوەندی چییە بە ئێمەوە؟»

[20] منیش وەڵامم دانەوە: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[21] لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم پیرۆزگای خۆم گڵاو دەکەم، ئەو قەڵایەی شانازی پێوە دەکەن، ئارەزووی چاوتان و خۆشی گیانتانە. کوڕ و کچەکانتان، ئەوانەی بەجێتان هێشتن بە شمشێر دەکوژرێن.

[22] من چیم کرد ئێوەش بە هەمان شێوە دەکەن، سمێڵتان داناپۆشن و نانی ماتەم ناخۆن.

[23] مێزەرەکانتان بە سەرتانەوە و پێڵاوەکانتان لە پێتان دەبێت، شیوەن ناگێڕن و ناگریێن، بەڵکو بە تاوانەکانتانەوە دەفەوتێن و بۆ یەکتری دەنوزێنەوە.

[24] حزقیێل بۆ ئێوە دەبێتە نیشانە. هەموو ئەوەی کردی ئێوەش دەیکەن. کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“

[25] «تۆش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەی کە قەڵاکەیان لێ دەستێنمەوە، کە شادی و شانازییانە، ئارەزووبەخشی چاوانیانە و خۆشی دڵیانە، هەروەها کوڕ و کچیشیان لێ دەستێنمەوە،

[26] هەر لەو ڕۆژەدا، دەربازبووێک دێت بۆ لات وەک هەواڵدەرێک.

[27] لەو ڕۆژەدا زمانت بۆ دەربازبووەکە دەکرێتەوە قسە دەکەیت و چیتر لاڵ نابیت. بۆیان دەبیت بە نیشانە، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

حزقیێل — Chapters