[1] ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، جا یەزدان بە ڕۆحی خۆی منی هێنایە دەرەوە و لە ناوەڕاستی دۆڵێک داینام، ئەویش پڕ بوو لە ئێسک.
[2] منی بەناو ئێسکەکاندا برد، بینیم کە زۆر وشک بوون و لە زۆریشدا ڕووی دۆڵەکەیان داپۆشیبوو.
[3] لەو کاتەدا لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا ئەم ئێسکانە زیندوو دەبنەوە؟» منیش گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەزانیت.»
[4] پێی فەرمووم: «پێشبینی لەسەر ئەم ئێسکانە بکە و پێیان بڵێ: ”ئەی ئێسکە وشکەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن:
[5] یەزدانی باڵادەست ئەمە بەم ئێسکانە دەفەرموێت: من گیانتان دەکەم بە بەردا و زیندوو دەبنەوە.
[6] دەمارتان دەدەم بەسەردا، بە گۆشت داتاندەپۆشم، پێستتان بەسەردا هەڵدەکێشم، گیانتان بە بەردا دەکەم و زیندوو دەبنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
[7] منیش چۆن فەرمانم پێ کرابوو بەم جۆرە پێشبینیم کرد. لە کاتی پێشبینیکردندا، گوێم لە دەنگێک بوو، لەناکاو خشەخشێک هات، ئێسکەکان لێک نزیکبوونەوە، هەر ئێسکە و بۆ لای ئێسکەکەی خۆی.
[8] سەیرم کرد، ئەوەتا دەمار و گۆشت دایپۆشین و پێست لە سەرەوە بەسەریدا هەڵکێشرا، بەڵام هیچ گیانیان تێدا نەبوو.
[9] ئینجا پێی فەرمووم: «پێشبینی بۆ ڕۆح بکە، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بە ڕۆح بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ڕۆح، وەرە لە هەر چوار لاوە هەڵبکە، لەو لایانەی کە بای لێ هەڵدەکات، فوو بەناو ئەم کوژراوانەدا بکە هەتا زیندوو ببنەوە.“»
[10] منیش بەو جۆرەی فەرمانی پێ کردم پێشبینیم کرد، ڕۆحیان بە بەردا هات و زیندوو بوونەوە و هەستانە سەرپێ، لەشکرێکی زۆر گەورە بوون.
[11] ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم ئێسکانە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلن، کە دەڵێن: ”ئێسکمان وشک بوو و ئومێدمان نەما و بڕاینەوە.“
[12] لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گەلەکەم، من گۆڕەکانتان دەکەمەوە و لە گۆڕەکانتان دەرتاندەهێنم، دەتانهێنمە خاکی ئیسرائیل.
[13] ئەی گەلەکەم، ئەو کاتە ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک گۆڕەکانتان دەکەمەوە و ئێوە لە گۆڕەکانتان دەردەهێنم.
[14] ڕۆحی خۆم دەکەم بە بەرتاندا و زیندوو دەبنەوە و لە خاکی خۆتان داتاندەنێم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
[15] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[16] «ئەی کوڕی مرۆڤ، داردەستێک ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یەهودا و نەوەکانی ئیسرائیل و ئەوانەی کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“ هەروەها داردەستێکی دیکەش ببە و لەسەری بنووسە: ”بۆ یوسف، واتە داردەستی ئەفرایم و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“
[17] بۆ ئەوەی لەناو دەستت ببن بە یەک، لێکیان نزیک بکەوە وەک ئەوەی یەک داردەست بن.
[18] «کاتێک هاونیشتیمانیانت لێت دەپرسن: ”پێمان ناڵێیت مەبەستت چییە لەمە؟“
[19] پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من داردەستەکەی یوسف و هۆزەکانی ئیسرائیل کە لەگەڵ ئەودا یەکیانگرتووە، کە ئێستا لە دەستی ئەفرایمە، دەبەم و داردەستەکەی یەهوداش دەخەمە پاڵی و دەیانکەمە یەک، جا لە دەستمدا دەبنە یەک داردەست.“
[20] ئەو دوو داردەستەی کە لەسەریانت نووسیوە لەبەرچاوی ئەوان هەڵبگرە.
[21] پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من نەوەی ئیسرائیل دەردەهێنم لەناو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان چوون. لە هەموو لایەکەوە کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکەکەی خۆیان.
[22] لەناو خاکەکە لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەیانکەمە یەک گەل. تەنها یەک پاشا پاشایەتی بەسەر هەموویانەوە دەکات، چیتر نابنە دوو گەل و دابەش نابن بۆ دوو پاشایەتی.
[23] لەمەودوا بە بتەکانیان و بە وێنە قێزەونەکانیان و بە هیچ یاخیبوونێکیان گڵاو نابن، چونکە من لە هەموو گوناهەکانیان و هەڵگەڕانەوەکانیان ڕزگاریان دەکەم و پاکیان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەبن بە گەلی من، منیش دەبم بە خودای ئەوان.
[24] «”داودی بەندەشم دەبێتە پاشایان، بە هەموویان یەک شوانیان دەبێت، ئەوانیش ڕێگای حوکمەکانم پەیڕەو دەکەن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن و کاریان پێ دەکەن.
[25] لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە دامە یاقوبی بەندەم، ئەوەی باوباپیرانتان تێیدا نیشتەجێ بوون. جا خۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بۆ هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێ دەبن، داودی بەندەشم بۆ هەتاهەتایە دەبێتە میریان.
[26] پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم کە بۆیان دەبێتە پەیمانێکی هەتاهەتایی. جێگیریان دەکەم و ژمارەیان زۆر دەکەم، بۆ هەتاهەتایە پیرۆزگای خۆم لەناوەڕاستیان دادەنێم.
[27] نشینگەکەم لەناویان دەبێت، من دەبم بە خودای ئەوان، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
[28] جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانی پیرۆزکەری ئیسرائیلم، کە پیرۆزگاکەم بۆ هەتاهەتایە لەناوەڕاستیاندا دەبێت.“»