Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:15

[1] ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم دەدەیت، حوکم بەسەر شارە خوێنڕێژەکە دەدەیت؟ بەڵکو شارەکە ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە.

[3] بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئەو شارەی کە لەناوەڕاستیدا خوێن دەڕێژێت، نەهامەتی بەسەر خۆیدا دەهێنێت، بە دروستکردنی بت خۆی گڵاو دەکات،

[4] بەو خوێنەی ڕشتت تاوانبار بوویت، خۆتت گڵاوکرد بەو بتانەی دروستت کردوون. بەو جۆرە ڕۆژگاری خۆتت کورت کردەوە و کۆتاییت بەسەر خۆتدا هێنا، لەبەر ئەوە لەلای نەتەوەکان تۆم کرد بە شورەیی، جێگای تانە و تەشەری هەموو خاکەکان.

[5] ئەی شاری بەد ناو، ئەی پڕ لە ئاژاوە، ئەوەی لێت نزیکە و ئەوەی لێت دوورە گاڵتەت پێ دەکات.

[6] «”سەیر بکە چۆن هەریەکە لەو میرانەی ئیسرائیل کە لەناو تۆدان دەسەڵاتی خۆی بۆ خوێنڕشتن بەکاردەهێنێت.

[7] لەناو تۆدا سووکایەتییان بە دایک و باوکیان کردووە. لەناو تۆدا بە ستەم هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئاوارەدا کردووە. لەناو تۆدا هەتیو و بێوەژنیان چەوساندووەتەوە.

[8] تۆ سووکایەتیت بە شتە پیرۆزکراوەکانی من کردووە و شەممەکانی منت گڵاو کردووە.

[9] لەناو تۆدان پیاوانی دووزمان و بوختانکەر بۆ خوێنڕشتن، لەناو تۆدان ئەوانەی لە نزرگەی سەر چیاکان دەخۆن و بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.

[10] لەناو تۆدان ئەوانەی کە ناموسی باوکیان دەبەن، لەناو تۆدان ئەوانەی کە دەست درێژ دەکەنە سەر ژن لە کاتی گڵاوییەکەی بەهۆی خوێنلێچوونی مانگانەی.

[11] پیاو لەگەڵ ژنی نزیکەکەی کاری قێزەونی ئەنجام دەدات، پیاوی دیکەش بووکی خۆی بە بەدڕەوشتی گڵاو دەکات. لەناو تۆدا مرۆڤ دەست درێژ دەکاتە سەر خوشکی خۆی، کچی باوکی.

[12] لەناو تۆدان ئەوانەی کە بەرتیل وەردەگرن بۆ خوێنڕشتن، هەروەها تۆ سوو و قازانج لە گرانکردنی نرخی شتومەک وەردەگریت. بە ستەم نزیکەکانی خۆتت ڕووتاندووەتەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش منت لەبیر کردووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

[13] «”لەبەر ئەو خوێنەی لەناو تۆدا ڕژا، سەیر بکە مشتم دەوەشێنم لەو قازانجە ناڕەوایەی کردووتە.

[14] ئایا دڵت بەرگە دەگرێت یان دەستت بەهێز دەبێت لەو ڕۆژانەی هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم؟ من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.

[15] بەنێو نەتەوەکان پەرتەوازەت دەکەم، بەسەر خاکەکاندا بڵاوت دەکەمەوە، گڵاوییەکانت لێ دادەماڵم.

[16] ئەو کاتەی لەبەرچاوی نەتەوەکان خۆتت گڵاو کردووە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.“»

[17] ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[18] «ئەی کوڕی مرۆڤ، بنەماڵەی ئیسرائیل بۆم بوون بە خڵت، هەموویان مس و تەنەکە و ئاسن و قورقوشمن لەناوەڕاستی کوورە بەجێماون، بوون بە خڵتی زیو.

[19] لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو بوون بە خڵت، من لەناو ئۆرشەلیم کۆتان دەکەمەوە.

[20] وەک چۆن زیو و مس و ئاسن و قورقوشم و تەنەکە لەناو کوورەدا کۆ دەکرێنەوە، فوو بە ئاگرەکەی ژێریدا دەکرێت هەتا بێتە جۆش و بیتوێنێتەوە، منیش بە هەمان شێوە بە تووڕەیی و هەڵچوونی خۆم لەناو شارەکە کۆتان دەکەمەوە و داتاندەنێم و دەتانتوێنمەوە.

[21] جا کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئاگری تووڕەییم فووتان لێ دەکەم و لەناویدا دەتوێنەوە.

[22] وەک زیو چۆن لەناو کوورەدا دەتوێنرێتەوە، ئێوەش بە هەمان شێوە لەناویدا دەتوێنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، تووڕەیی خۆمم بەسەرتاندا ڕژاندووە.“»

[23] دیسان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[24] «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێی بڵێ: ”تۆ ئەو خاکەی کە پاک نەبوویتەوە، لە ڕۆژی تووڕەییدا بارانی لێ نەباریوە.“

[25] پیلانگێڕی میرەکانی لەناوەڕاستیدایە وەک شێر دەنەڕێنێت و نێچیرەکەی لەتوپەت دەکات. مرۆڤ دەخۆن، گەنجینە دەبڕن و شتی گرانبەها دەبەن، لەناوەڕاستیدا بێوەژن زۆر دەکەن.

[26] کاهینەکانی سەرپێچی فێرکردنەکانی من دەکەن و شتە پیرۆزکراوەکانی من گڵاو دەکەن، جیاوازی لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو ناکەن، جیاوازی لەنێوان گڵاو و پاک ناکەن و چاو لە شەممەکانم دەپۆشن، جا لەنێویاندا گڵاو بووم.

[27] کاربەدەستەکانی ناوی وەک گورگن، نێچیر لەتوپەت دەکەن و خوێن دەڕێژن و خەڵک دەکوژن بۆ ئەوەی بە ناڕەوایی قازانج بەدەستبهێنن.

[28] پێغەمبەرەکانیان کارە خراپەکانیان بۆ دادەپۆشن و بە بینینی پووچ و فاڵگرتنەوەی درۆ بە گەچ بۆیان سواخ دەدەن و دەڵێن: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت،“ لەگەڵ ئەوەی یەزدان هیچ قسەی نەکردووە.

[29] گەلی خاکەکە ستەمکاری و تاڵانی دەکەن، هەژار و نەدار و نامۆش دەچەوسێننەوە و لە دادپەروەری بێبەشیان دەکەن، هەژار و نەداریان چەوساندەوە و بە ناڕەوا ستەمیان لە ئاوارە کرد.

[30] «لەنێویاندا بەدوای پیاوێکدا گەڕام شووراکە بنیاد بنێتەوە و لە پێناوی خاکەکە لە کەلێنی شووراکەوە لەبەردەمم ڕابوەستێت، بۆ ئەوەی وێرانی نەکەم، بەڵام دەستم نەکەوت.

[31] لەبەر ئەوە هەڵچوونی خۆمیان بەسەردا هەڵدەڕێژم، بە ئاگری تووڕەییم لەناویان دەبەم، کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

حزقیێل — Chapters