Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:02

[1] ئینجا سەیرم کرد لە سەرەوە بەسەر سەری کەڕوبەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، دیمەنی تەختێکی پاشایەتی هەبوو، وەک یاقووتی شین دەبینرا.

[2] یەزدان بە پیاوە کەتان پۆشەکەی فەرموو: «بڕۆ ناو چەرخەکانی ژێر کەڕوبەکان و مشتت پڕ بکە لە پشکۆی ئەو ئاگرەی لەنێوان کەڕوبەکانە و بەسەر شارەکەدا بڵاوی بکەرەوە.» ئەویش لەبەرچاوم چووە ناوەوە.

[3] کەڕوبەکانیش لەلای ڕاستی پەرستگاکە ڕاوەستابوون کە پیاوەکە چووە ژوورەوە، هەورێکیش حەوشەکەی ناوەوەی پڕکردەوە.

[4] شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا پەرستگاکە پڕ بوو لە هەورەکە و حەوشەکەش پڕ بوو لە بریسکەی شکۆمەندی یەزدان.

[5] دەنگی باڵی کەڕوبەکان لە خانەکانی دەرەوە دەبیسترا، وەک دەنگی خودای هەرە بە توانا کە قسە بکات.

[6] کاتێک کە فەرمانی بە پیاوە کەتان پۆشەکە کرد و فەرمووی، «ئاگر لەنێوان چەرخەکان، لەنێوان کەڕوبەکان ببە،» چووە ژوورەوە و لەتەنیشت چەرخێک ڕاوەستا.

[7] کەڕوبێک لەنێو کەڕوبەکانەوە دەستی بۆ ئاگرەکەی نێوان کەڕوبەکان درێژکرد، لێی هەڵگرت و خستییە ناو هەردوو مشتی پیاوە کەتان پۆشەکە، ئەویش وەریگرت و چووە دەرەوە.

[8] لە کەڕوبەکانەوە شتێکی وەک دەستی مرۆڤ لەژێر باڵەکانیەوە دەرکەوت.

[9] تەماشام کرد، بینیم چوار چەرخ لەتەنیشت کەڕوبەکانە، هەر چەرخێک لەتەنیشت کەڕوبێکەوە بوو، دیمەنی چەرخەکان وەک دیمەنی زەبەرجەد بوو.

[10] هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک چەرخ لەناو چەرخ بێت.

[11] کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، لە ڕۆیشتنیشدا لایان نەدەدا، بەڵکو بۆ هەر لایەک یەکێک لە کەڕوبەکان ڕووی تێدەکرد ئەوانیش بەدوایدا دەچوون، لە ڕۆیشتندا لایان نەدەدا.

[12] هەموویان لاشەکانیان، پشت و دەست و باڵ و چەرخەکان پڕبوون لە چاو بە هەر چواردەوریدا بۆ هەر چوار چەرخەکە.

[13] گوێم لێ بوو چەرخەکان پێیان دەگوترا «چەرخی خولاوە».

[14] هەر کەڕوبێکیش چوار ڕووی هەبوو، ڕووی یەکەم ڕووی کەڕوب، ڕووی دووەم ڕووی مرۆڤ، ڕووی سێیەم ڕووی شێر و ڕووی چوارەم ڕووی هەڵۆ بوو.

[15] ئینجا کەڕوبەکان بەرز بوونەوە، ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیبووم.

[16] لەگەڵ ڕۆیشتنی کەڕوبەکان، چەرخەکانیش لەتەنیشتیانەوە ڕۆیشتن، کە کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە بۆ بەرزبوونەوە لە زەوی، چەرخەکان هەر لەتەنیشتیان مانەوە.

[17] کە کەڕوبەکان ڕادەوەستان ئەوانیش ڕادەوەستان، کە بەرز دەبوونەوە ئەوانیش بەرز دەبوونەوە، چونکە گیانی گیانلەبەرەکان لەناو چەرخەکاندا بوو.

[18] ئینجا شکۆمەندی یەزدان لە بەردەرگای پەرستگاکەوە ڕۆیشت و لەسەر کەڕوبەکان وەستا.

[19] لەبەرچاوم کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و لەسەر زەوی بەرزبوونەوە، لە کاتی ڕۆیشتنیان چەرخەکانیشیان لەگەڵ بوو، لەلای داڵانی دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان وەستان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.

[20] ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار لەژێر خودای ئیسرائیل بینیبووم، زانیم کە ئەمانە کەڕوبن.

[21] هەریەکەیان چوار ڕوو و چوار باڵی هەبوو، لەبن باڵەکانیشەوە لە شێوەی دەستی مرۆڤیان هەبوو.

[22] شێوەی ڕووەکانیشیان، شێوەی ئەو ڕووانە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیم، دیمەنیان و خۆشیان. هەریەکە بەرەو پێش دەڕۆیشت.

حزقیێل — Chapters