[1] «تۆش بۆ میرانی ئیسرائیل بلاوێنەوە و
[2] بڵێ: «”دایکت چ شێرێک بوو لەناو شێران! لەنێو جوانە شێران پاڵی دایەوە و بەچکەکانی خۆی بەخێو کرد.
[3] یەکێک لە بەچکەکانی خۆی پێگەیاند، بوو بە شێرێکی بە توانا. فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو، مرۆڤیشی خوارد.
[4] کە نەتەوەکان هەواڵیان بیست، چاڵیان بۆ هەڵکەند و گرتیان، بۆ خاکی میسر بە تەوق هێنایان.
[5] «”کاتێک دایکەکە بینی کە ئاواتەکەی نەهاتە دی، ئیتر ئومێد بڕ بوو، هات و یەکێکی دیکەی لە بەچکەکانی گرت و کردی بە شێرێکی بە توانا.
[6] لەنێو شێران کەوتە هاتوچۆ، چونکە بووە شێرێکی بە توانا. فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو، مرۆڤیشی خوارد.
[7] قەڵاکانی ئەوانی تێکشکاندن و شارۆچکەکانی کاول کردن، خاکەکە و هەرچی تێیدایە لەبەر دەنگی نەڕەی تۆقین.
[8] نەتەوەکان لە هەرێمەکانی دەوروبەری لە دژی کۆبوونەوە. تۆڕیان هەڵدایە سەری، ئەویش کەوتە چاڵەکەیانەوە.
[9] بە تەوقەوە خستیانە ناو قەفەزەوە، هێنایانە لای پاشای بابل. بردیانە ناو زیندان، تاکو ئیتر لەسەر چیاکانی ئیسرائیل نەڕەی نەبیسترێت.
[10] «”دایکت وەک دار مێوێک بوو لە ڕەزەکەی تۆدا، کە لەدەم ئاو چێنرا. لەبەر زۆری ئاو، چڕ و بەردار بوو.
[11] لقی بەهێزی هەبوو، کە گونجاوە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان. باڵای کرد و هەڵکشا بەناو لقە پڕگەڵاکاندا، لە بەرزی و زۆری چڵەکانی دەرکەوت و بینرا.
[12] بەڵام بە ڕق و قینەوە هەڵکێشرا و فڕێدرایە سەر زەوی. بای ڕۆژهەڵات لێیدا و وشکی کرد، بەرەکەی هەڵوەراند، لقە بەهێزەکانی وشک بوون و ئاگر هەڵیانیلووشی.
[13] ئێستا وا لە چۆڵەوانیدا چێنراوە، لە خاکێکی وشک و تینوودا.
[14] لە یەکێک لە لقە گەورەکانییەوە ئاگری گرت و بەرەکەی هەڵلووشی. ئێستا هیچ لقێکی بەهێزی نەماوە کە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان گونجاو بێت.“ ئەمە لاوانەوەیە و لە کاتی شینگێڕان دەگوترێتەوە.»