Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:16

[1] لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە.

[3] قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم، ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل، ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘

[4] قولاپ لە شەویلگەت دەکەم، ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم. بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون، لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم.

[5] لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم، خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت. لە دەشتودەر دەمریت، نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە. تۆ دەکەمە خۆراکی گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان.

[6] ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم. «”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.

[7] کە تۆیان بە دەستی گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند.

[8] «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم.

[9] خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم. «”چونکە گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘

[10] لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش.

[11] نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت.

[12] خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.

[13] «”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون.

[14] ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر ، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ.

[15] بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن.

[16] لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“»

[17] لە یەکی مانگی یەکی ساڵی بیست و حەوتەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[18] «ئەی کوڕی مرۆڤ، نەبوخودنەسری پاشای بابل لەشکرەکەی خۆی لە جەنگێکی قورسدا لە دژی سور بەکارهێنا، هەتا ئەوەی هەموو سەرێک ڕووتایەوە و هەموو شانێک داماڵرا، بەڵام نە خۆی و نە لەشکرەکەی لەو جەنگەی کە ڕابەرایەتی کرد هیچ پاداشتێکیان لە سور دەست نەکەوت.

[19] لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خاکی میسر دەدەمە نەبوخودنەسری پاشای بابل، جا سامانەکەی دەبات، دەیدزێت و تاڵانی دەکات، دەبێتە کرێ بۆ لەشکرەکەی.

[20] خاکی میسرم بە ئەو دا وەک پاداشت بۆ ماندووبوونەکەی، چونکە ئەو و سوپاکەی لە پێناوی مندا جەنگان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

[21] «لەو ڕۆژەدا هێزی بنەماڵەی ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە، دەمی تۆش لەنێویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

حزقیێل — Chapters