Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:47

[1] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە.

[3] بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی سور، تۆ گوتت ’من تەواو جوانم.‘

[4] سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان، بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.

[5] هەموو تەختە دارەکانیان لە دار سنەوبەری سنیر بۆت دروستکرد. لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.

[6] لە دار بەڕووەکانی باشان سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد. تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون، بە عاج ڕازاوەن.

[7] کەتانی نەخشێنراوی میسر چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا. قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە چەترت بوون.

[8] خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد سەوڵیان بۆ لێدەدایت. ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون، ئەوان کەشتیوانت بوون.

[9] پیرانی جوبەیل و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون، کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە. هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت، بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.

[10] «”پیاوانی فارس و لوود و پووت لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون، قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی، ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.

[11] نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون، گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون، قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی، ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.

[12] «”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

[13] «”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

[14] «”دانیشتووانی بێت‌تۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

[15] «”خەڵکی ڕودس بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی قۆچی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.

[16] «”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە، قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین ، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

[17] «”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

[18] «”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

[19] «”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت کرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

[20] «”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.

[21] «”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.

[22] «”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

[23] «”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت.

[24] ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.

[25] «”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن. لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.

[26] ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن، بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.

[27] سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت، کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت، ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان، هەموو سەرنشینەکانت کە لەناوەڕاستی تۆن، لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.

[28] لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت کەنارەکان دەلەرزن.

[29] هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا، لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و لەسەر کەنار ڕادەوەستن،

[30] دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و بە تاڵییەوە دەقیژێنن، خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.

[31] بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و جلوبەرگی گوش دەپۆشن. بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ بۆت دەگریێن.

[32] لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە، بۆت دەلاوێننەوە: ’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا بێدەنگی نواند؟‘

[33] کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە، گەلانێکی زۆرت تێر کرد. بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.

[34] کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت لەناو قووڵایی ئاوەکان، کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت لەگەڵت نوقوم بوون.

[35] هەموو دانیشتووانی کەنارەکان واقیان لێت وڕدەمێنێت، پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت، ڕوخساریان دەشێوێت.

[36] بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن، کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»

حزقیێل — Chapters