Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:30

[1] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە سەرۆکی سور بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”لەبەر لەخۆباییبوونەکەت گوتت: ’من خوداوەندێکم، لەسەر تەختی خوداوەندیێتی دادەنیشم لەناو جەرگەی دەریاکان.‘ بەڵام تۆ مرۆڤیت نەک خوداوەند، هەرچەندە وا بزانیت وەک خوداوەندێک دانایت.

[3] ئایا تۆ لە دانیال داناتری؟ هیچ نهێنییەک لێت ناشاردرێتەوە؟

[4] بە دانایی و تێگەیشتنت سامانت بۆ خۆت دەست کەوت، زێڕ و زیوت لە گەنجینەکانت کۆکردەوە.

[5] بەهۆی شارەزایی زۆرت لە بازرگانی سامانەکەتت زیاد کرد، جا لەبەر دەوڵەمەندییەکەت لەخۆبایی بوویت.

[6] «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”وا دەزانیت کە دانایت، کە دانایی خوداوەندت هەیە،

[7] هەر لەبەر ئەوەش من بێگانە دەهێنمە سەرت، دڕندەترینی نەتەوەکان، شمشێرەکانیان هەڵدەکێشنە سەر جوانی و داناییەکەت، شکۆ درەوشاوەکەت دەبڕن.

[8] لەناو جەرگەی دەریاکان بە مردنی خوێناوی دەمریت، شۆڕت دەکەنەوە ناو جیهانی مردووان.

[9] ئایا لەبەردەم بکوژەکانت دەڵێیت: ’من خوداوەندم‘؟ نەخێر، بەڵکو تۆ لەناو دەستی ئەوانە دایت کە دەتدەنە بەر شمشێر، تەنها مرۆڤیت، نەک خوداوەند.

[10] بە مردنی خەتەنە نەکراوان دەمریت، بە دەستی بێگانان. چونکە من بەڵێنم دا. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

[11] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[12] «ئەی کوڕی مرۆڤ، بۆ پاشای سور بلاوێنەوە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”تۆ نموونەی تەواوەتی بوویت، پڕ لە دانایی و جوانی تەواو بوویت.

[13] لە عەدەنی بەهەشتی خودا بوویت، هەموو بەردێکی گرانبەها تۆی دەڕازاندەوە: یاقووت ، یاقووتی زەرد، زمروود، زەبەرجەد، بەردی عاشقبەند، یەشب، یاقووتی شین، بەردە پیرۆزە و زمروودی سەوز. چواردەوری بەردە گرانبەهاکەت بە زێڕ نەخشێنرا بوو، لە ڕۆژی بەدیهێنانت ئامادە کران.

[14] تۆ کەڕوبی دەستنیشانکراو بوویت بۆ پاسەوانی، ئەم ئەرکەم بە تۆ سپاردبوو. تۆ لەسەر کێوی پیرۆزی خودا بوویت، بەناو بەردە ئاگرینەکاندا هاتوچۆت دەکرد.

[15] تۆ لە کردەوەکانت تەواو بوویت، لە ڕۆژی بەدیهێنانتەوە هەتا ئەو ڕۆژەی خراپەت تێدا بەدیکرا.

[16] بەهۆی فراوانبوونی بازرگانییەکەت، پڕ بوویت لە ستەم و گوناهت کرد. لەبەر ئەوە ئەی کەڕوبی پاسەوان، وەک گڵاوییەک لە کێوی خوداوە فڕێمدایت، لەناو بەردە ئاگرینەکاندا دەرمکردیت.

[17] لەبەر جوانییەکەت لەخۆبایی بوویت، لە پێناوی شکۆی خۆت داناییەکەتت بە گەندەڵی بەکارهێنا. لەبەر ئەوە فڕێمدایتە سەر زەوی، تۆم کرد بە دیمەنێک بۆ ئەوەی پاشایان تەماشات بکەن.

[18] لەبەر زۆری تاوانەکانت و ناپاکیت لە بازرگانییەکەت پیرۆزگاکانی خۆتت گڵاوکرد. لەبەر ئەوە ئاگرێکم داگیرساند لە تۆوە دەرچوو، تۆی هەڵلووشی، دەتکەمە خۆڵەمێش لەسەر زەوی، لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی سەیریان دەکردیت.

[19] هەموو ئەوانەی لەنێو گەلان تۆیان ناسی واقیان لێت وڕدەمێنێت، چونکە بوویتە پەند و ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»

[20] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[21] «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە سەیدا بکە و پێشبینی لەسەر بکە،

[22] بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی سەیدا، من لە دژی تۆم و لەناوەڕاستی تۆدا شکۆمەندی خۆم دەردەخەم. کاتێک سزای ئەو دەدەم و پیرۆزی خۆم دەردەخەم، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.

[23] دەرد دەنێرمە سەری و خوێن بەناو کۆڵانەکانیدا دەڕوات. لە هەموو لایەکەوە شمشێر دێتە سەری و لەناوەڕاستیدا کوژراوەکان دەکەون، کە لە هەموو لایەکەوە دێتە سەری، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.

[24] «”لەمەودوا ئەو گەلانەی کە لە دەوروبەری بنەماڵەی ئیسرائیلن، ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکەن بۆیان نابنە چقڵی چەقیو و دڕکی بە ئازار. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.

[25] «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل کۆدەکەمەوە، لەنێو ئەو گەلانەی کە بۆ ناویان پەرتەوازە بوون، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. ئیتر لە خاکەکەی خۆیاندا نیشتەجێ دەبن، ئەوەی دام بە یاقوبی بەندەی خۆم.

[26] ئینجا بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن و خانوو بنیاد دەنێن و ڕەز دەچێنن. کاتێک سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە لە دەوروبەریان سووکایەتییان پێ کردن، بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، خودای ئەوانم.“»

حزقیێل — Chapters