[1] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە ئۆرشەلیم بکە و لە دژی پیرۆزگاکەی جاڕبدە. پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و
[3] بە خاکی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی تۆم، شمشێرەکەم لە کالانەکەیەوە هەڵدەکێشم و کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە.
[4] لەبەر ئەوەی کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە، شمشێرەکەم لە کالانەکەی دێتە دەرەوە بۆ سەر هەموو مرۆڤێک، لە باشوورەوە هەتا باکوور.
[5] ئەو کاتە هەموو مرۆڤێک دەزانێت کە من یەزدانم، شمشێرەکەی خۆمم لە کێلانەکەیەوە هەڵکێشاوە و تازە ناگەڕێتەوە.“
[6] «لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ بناڵێنە! بە دڵشکاوی و خەمبارییەوە لەبەرچاویان بناڵێنە.
[7] ئەگەر لە تۆیان پرسی: ”بۆچی دەناڵێنیت؟“ تۆش بڵێ: ”لەبەر هەواڵەکە، چونکە هات. هەموو دڵێک دەتوێتەوە، هەموو دەستێک شل دەبێت، هەموو ڕۆحێک کۆڵ دەدات، هەموو ئەژنۆیەک دەلەرزێت.“ ئەوەتا دێت و دەبێت، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
[8] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[9] «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ، ”پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: بڵێ: «”شمشێرێک، شمشێرێک تیژکراوەتەوە، هەروەها مشتوماڵ کراوە،
[10] بۆ سەربڕین تیژکراوەتەوە، مشتوماڵ کراوە بۆ ئەوەی وەک بریسکە بدرەوشێتەوە! «”ئایا دڵمان بە داردەستی کوڕەکەم خۆش بێت؟ شمشێر سووکایەتی بە هەموو داردەستێک دەکات.
[11] «”شمشێر مشتوماڵ کراوە و دانراوە بۆ ئەوەی بە دەست بگیردرێت. ئەم شمشێرە تیژکراوەتەوە و مشتوماڵ کراوە تاکو بدرێتە دەست پیاوکوژ.
[12] ئەی کوڕی مرۆڤ، هاوار و واوەیلا بکە، چونکە بەسەر گەلەکەم و بەسەر هەموو میرانی ئیسرائیلەوەیە. فڕێدەدرێنە بەر شمشێرەکە، لەگەڵ گەلەکەم. لەبەر ئەوە سنگی خۆت بکوتە.
[13] «”بێگومان کاتی تاقیکردنەوە دێت. لەبەر ئەوە چییە ئەگەر داردەستەی یەهودا، کە شمشێر سووکایەتی پێی دەکات، نەمێنێت؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“
[14] «لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە، دەست بەناو دەستی خۆتدا بدە. با بە چواردەوریاندا شمشێر دووبارە و سێبارە ڕابوەشێنرێت، شمشێری سەربڕینە، شمشێری کوشتاری گەورەیە.
[15] بۆ توانەوەی دڵ و بۆ زۆرکردنی کوژراوان، لەبەر ئەوە لەسەر هەموو دەروازەکانیان شمشێری سەربڕینم داناوە. ئای! لەو شمشێرە دروستکراوە بۆ ئەوەی وەک هەورە بروسکە ببریسکێتەوە، ئەو بۆ سەربڕین مشتوماڵ کراوە.
[16] ئەی شمشێر، لای ڕاست ببڕە، ئینجا لای چەپ، بۆ هەر لایەک ڕووی تێدەکەیت!
[17] منیش دەست بەناو دەستی خۆمدا دەدەم، تووڕەیی خۆم هێدی دەکەمەوە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»
[18] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[19] «ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ڕێگا بۆ خۆت دیاری بکە بۆ هاتنی شمشێری پاشای بابل، هەردووکیان لە یەک خاکەوە دەستپێبکەن، تابلۆیەکی ڕێنمایی دابنێ، لە سەرەتای سەر ڕێگاکە بەرەو شار دایبنێ.
[20] ڕێگایەک دیاری بکە با شمشێرەکە بێتە سەر ڕەبەی پایتەختی عەمۆنییەکان و بۆ سەر یەهودا لە ئۆرشەلیمی قەڵابەند،
[21] چونکە پاشای بابل لەسەر دووڕیانەکە دەوەستێت، لەسەر گۆشەی هەردوو ڕێگاکە، فاڵ دەگرێتەوە هەتا بزانێت بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات، بە هەڵدانی تیر، تیروپشک دەکات؛ بە پرسین و ڕاوێژکردن لەگەڵ بتەکانی؛ بە پشکنینی جگەری ئاژەڵێکی سەربڕاو.
[22] تیروپشک بە دەستی ڕاستی بۆ ئۆرشەلیم هەڵدەدات بۆ مەنجەنیق دانان، فەرمانی کوشتن و نەعرەتە کێشانی جەنگ، بۆ مەنجەنیق دانان بۆ شکاندنی دەروازەکان، بۆ لێدانی سەنگەر و قوللە بنیادنان.
[23] لەبەرچاوی ئەوانەی سوێندیان بۆ خواردووە کە دڵسۆزبن بۆی وەک فاڵگرتنەوەیەکی درۆ دەبێت، بەڵام ئەو تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یادیان تاکو بە دیلیان بگرێت.
[24] «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە تاوانەکەی خۆتان هێنایەوە یاد، چونکە یاخیبوونەکانتان ڕوون و ئاشکرایە و گوناهەکانتان لە هەموو کردەوەکانتاندا دەرکەوتووە، لەبەر ئەوە بە دیل دەگیرێن.
[25] «”تۆش ئەی بەدکاری گڵاو، میری ئیسرائیل، ڕۆژت هاتووە، کاتی هاتووە سزادانت گەیشتووەتە بەرزترین پلە.
[26] یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: مێزەرەکە دابگرە، تاجەکە هەڵبگرە، بارودۆخەکە بەم شێوەیە نامێنێتەوە، بەڵکو بێ پلەوپایە بەرز دەکرێتەوە و پایەدار نزم دەکرێتەوە.
[27] کاولگە! کاولگە! ئەم شانشینە کاولگە! هەروەها نۆژەن ناکرێتەوە، هەتا ئەو پاشایە دێت کە مافی خۆیەتی، منیش دەیدەمە ئەو.“
[28] «ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست لەبارەی عەمۆنییەکان و سووکایەتیکردنەکەیان ئەمە دەفەرموێت: «”شمشێر ، شمشێر بۆ سەربڕین هەڵکێشراوە، مشتوماڵ کراوە بۆ لەناوبردن، بریسکە دەداتەوە وەک بروسکە.
[29] بە پێچەوانەی ئەو بینینە پووچانە و فاڵگرتنەوە درۆیانەی کە سەبارەت بە تۆ کراون، شمشێرەکە لەسەر ملی کوژراوە خراپەکارەکان دادەنرێت، ئەوانەی ڕۆژیان هات، کاتیان هاتووە سزادانیان گەیشتووەتە بەرزترین پلە.
[30] «”شمشێرەکە بگەڕێنەوە کێلانەکەی خۆی. لە نیشتیمانی دایکت حوکمت بەسەردا دەدەم، لەو شوێنەی بەدیهێنرایت.
[31] تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و بە ئاگری هەڵچوونم فووت لێ دەکەم، دەتدەمە دەست کەسانێکی گڕگرتووی شارەزا لە فەوتاندن.
[32] دەبیت بە سووتەمەنی ئاگر، خوێنت لەناوەڕاستی خاکەکەدا دەڕژێت. ئیتر یادت ناکرێتەوە، چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.“»