Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:55

[1] ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ هاونیشتیمانیانت بکە و پێیان بڵێ: ”ئەگەر شمشێر بۆ سەر خاکێک بهێنم و ئەگەر گەلی خاکەکە پیاوێک لەنێو خۆیان ببەن و بیکەن بە چاودێر،

[3] کاتێک ببینێت شمشێرەکە بۆ سەر خاکەکە دێت، فوو بە کەڕەنادا دەکات و گەلەکە ئاگادار دەکاتەوە.

[4] ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، ئینجا شمشێرەکە هات و ژیانی برد، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت.

[5] لەبەر ئەوەی گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت، ئەگەر وریای خۆی بووایە خۆی دەرباز دەکرد.

[6] بەڵام ئەگەر چاودێرەکە ببینێت وا شمشێرەکە دێت، فووی بە کەڕەنادا نەکرد و گەلەکەی ئاگادار نەکردەوە، شمشێرەکەش هات و کەسێکی لەوان کوشت، ئەو کەسە بەهۆی تاوانەکانی کە کردوویەتی گیان دەسپێرێت، بەڵام من خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی چاودێرەکە.“

[7] «ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کرد بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتەکەم بگرە و بە ناوی منەوە ئاگاداریان بکەرەوە.

[8] ئەگەر بە خراپەکار بفەرمووم: ”ئەی خراپەکار، سزاکەت مردنە!“ ئەگەر تۆ خراپەکارەکە ئاگادار نەکەیتەوە کە لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە، ئەوا ئەو خراپەکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ.

[9] ئەگەر هاتوو تۆ خراپەکارەکەت لە ڕەفتارەکەی ئاگادار کردەوە هەتا لێی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو لە ڕەفتارەکەی خۆی نەگەڕایەوە، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆت ڕزگار دەکەیت.

[10] «ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”ئێوە بەم جۆرە دەدوێن: ’یاخیبوون و گوناهەکانمان لەسەر خۆمانن و بەوانە لەناودەچین. ئیتر ئێمە چۆن بژین؟‘“

[11] پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش نابم، بەڵکو بەوەی خراپەکار لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە و بژیێت. بگەڕێنەوە! لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە! ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟“

[12] «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە بە هاونیشتیمانیانت بڵێ: ”ڕاستودروستی کەسی ڕاستودروست لە کاتی یاخیبوونی فریای ناکەوێت، خراپەکاریش لە کاتی گەڕانەوەی لە خراپەکەی، بەهۆی خراپەکەی لەناو ناچێت. کەسی ڕاستودروست لە کاتی گوناهەکەی ناتوانێت بە ڕاستودروستییەکەی بژیێت.“

[13] ئەگەر بە کەسی ڕاستودروستم فەرموو: ”بێگومان تۆ دەژیت،“ جا ئەگەر پشتی بە ڕاستودروستییەکەی بەست و خراپەی کرد، هەموو ڕاستودروستییەکەی لەیاد دەکرێت، بەڵکو خراپەکەی دەبێتە هۆی مردنی.

[14] ئەگەر بە خراپەکارم فەرموو: ”سزاکەت مردنە!“ جا ئەگەر لە گوناهەکەی گەڕایەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کرد،

[15] ئەگەر خراپەکارەکە بارمتە یان هەر شتێکی دزیوە گەڕاندییەوە و ڕێگای فەرزەکانی ژیانی گرتەبەر، بەبێ ئەوەی خراپە بکات، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت.

[16] هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێن. بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کردووە، بێگومان دەژیێت.

[17] «هاونیشتیمانیانت دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە.“ بەڵکو ئەوان ڕێگای خۆیان ڕاست نییە.

[18] کاتێک کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی بگەڕێتەوە و خراپە بکات، ئەوا پێی دەمرێت.

[19] کاتێکیش خراپەکار لە خراپەکەی بگەڕێتەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کار بکات، ئەوا پێیان دەژیێت.

[20] ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە!“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من هەریەکەتان بەپێی ڕێگاکانی خۆی حوکمی دەدەم.»

[21] لە ساڵی دوازدەمینی ڕاپێچکردنمان، لە پێنجی مانگی دە، لە ئۆرشەلیمەوە دەربازبووێک بۆ لام هات و گوتی: «شارەکە لێی درا.»

[22] ئێوارەی پێش گەیشتنی دەربازبووەکە، ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، دەمی کردمەوە، جا کە بەیانی هات بۆ لام دەمم کرابووەوە و چیتر لاڵ نەبووم.

[23] ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[24] «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی کەلاوەکانی خاکی ئیسرائیل قسە دەکەن و دەڵێن: ”ئیبراهیم تەنها کەسێک بوو، بەڵام دەستی بەسەر خاکەکەدا گرت. ئێمە زۆرین و خاکەکە بە ئێمە دراوە کە دەستی بەسەردا بگرین.“

[25] لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن، چاوتان بۆ بتەکانتان هەڵدەبڕن و خوێن دەڕێژن، ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟

[26] پشت بە شمشێری خۆتان دەبەستن، شتی قێزەون دەکەن، هەریەکەتان بە ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بوو. ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟“

[27] «پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئەوانەی لە کەلاوەکانن بە شمشێر دەکوژرێن، ئەوانەی لەسەر ڕووی دەشتودەرن دەیانکەمە خۆراکی گیانلەبەران، ئەوانەی لە قەڵا و لە ئەشکەوتەکانن بە دەرد دەمرن.

[28] خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، کۆتایی بە شانازی هێزی دێت، چیاکانی ئیسرائیل دەبن بە وێرانەی بێ ڕێبوار.

[29] جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، لەسەر هەموو کارە قێزەونەکانیان کە کردوویانە.“

[30] «ئەی کوڕی مرۆڤ، هاونیشتیمانیانت لەپاڵ دیوارەکان و لە بەردەرگای ماڵەکان لەبارەی تۆوە دەدوێن، هەریەکە لەگەڵ براکەی، بە یەکتر دەڵێن: ”وەرن با گوێ لەو قسەیە بگرین کە لەلایەن یەزدانەوە هاتووە.“

[31] هەروەک هەموو کات، گەلەکەم بۆ لات دێن، لەبەردەمت دادەنیشن و گوێ لە قسەکانت دەگرن، بەڵام کاری پێ ناکەن، چونکە تەنها بە دەم پەرۆشی خۆیان بۆ خودا دەردەبڕن، بەڵام بە دڵ بەدوای قازانجی ناڕەوایی خۆیان کەوتوون.

[32] لە ڕاستیدا تۆ بۆ ئەوان وەک کەسێکی دەنگ خۆشیت کە باش مۆسیقا دەژەنێت و گۆرانی خۆشەویستی دەڵێتەوە، جا گوێ لە قسەکانت دەگرن و کاری پێ ناکەن.

[33] «کەی ئەمە بە ئەنجام گەیشت، بێگومان دەشگاتە ئەنجام، ئەو کاتە دەزانن کە پێغەمبەرێک لەنێویان بوو.»

حزقیێل — Chapters