[1] «ئەمانەش هۆزەکانن، کە بەم شێوە بەپێی ناوەکانیان ڕێکخران: لەلای سنووری باکوور، یەک بەش بۆ دان دەبێت، بەلای ڕێگای حەتلۆن هەتا دەروازەی حەمات؛ حەچەر عێینان و سنووری باکووری دیمەشق بەلای حەمات بەشێک لە سنووری دان دەبن، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا.
[2] «لەسەر سنووری دان، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ئاشێر بەشێک دەبێت.
[3] «لەسەر سنووری ئاشێر، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ نەفتالی بەشێک دەبێت.
[4] «لەسەر سنووری نەفتالی، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ مەنەشە بەشێک دەبێت.
[5] «لەسەر سنووری مەنەشە، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ئەفرایم بەشێک دەبێت.
[6] «لەسەر سنووری ئەفرایم لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ڕەئوبێن بەشێک دەبێت.
[7] «لەسەر سنووری ڕەئوبێن لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ یەهودا بەشێک دەبێت.
[8] «لەسەر سنووری یەهودا لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا ئەو دیارییە تایبەت دەبێت کە پێشکەشی دەکەن، بیست و پێنج هەزار باڵ بە پانی و درێژییەکەشی وەک یەکێک لە بەشی هۆزەکان لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا، پیرۆزگاش لەناوەڕاستی دەبێت.
[9] «ئەو بەشەش کە بۆ یەزدانی تەرخان دەکەن، بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی و دە هەزار باڵیش پانی دەبێت.
[10] ئەمە دەبێتە بەشی تەرخانکراوی کاهینەکان: لەلای باکوورەوە بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی و لەلای ڕۆژئاواشەوە دە هەزار باڵ بە پانی و لای ڕۆژهەڵاتیش دە هەزار باڵ بە پانی و لەلای باشووریش بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی دەبێت، پیرۆزگای یەزدانیش لەناوەڕاستیدا دەبێت.
[11] ئەم بەشە بۆ کاهینە تەرخانکراوەکان لە نەوەی سادۆق دەبێت، بۆ ئەوانەی ئەرکەکانی منیان بەجێهێنا، ئەوانەی گومڕا نەبوون کاتێک نەوەی ئیسرائیل گومڕا بوون هەروەک چۆن لێڤییەکان گومڕا بوون.
[12] ئەمە بۆیان دەبێت بە دیارییەکی تایبەت لە بەشە تەرخانکراوی زەوییەکە، بەشێکی زۆر پیرۆز لەتەنیشت سنووری لێڤییەکان.
[13] «بەشە زەوی لێڤییەکانیش بە تەریبی سنووری زەوی کاهینەکان دەبێت، بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی و دە هەزاریش بە پانی، هەموو درێژییەکەی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانییەکەشی دە هەزار باڵ دەبێت.
[14] نە لێی دەفرۆشن و نە دەیگۆڕن و نە یەکەم بەری زەوییەکە بە کەسی دیکە دەدەن، چونکە تەرخانکراوە بۆ یەزدان.
[15] «ئەو زەوییەی ماوەتەوە کە پانییەکەی پێنج هەزار باڵ و درێژییەکەی بیست و پێنج هەزار باڵە بۆ هەموو دانیشتووانی شارەکە دەبێت بۆ نیشتەجێبوون و لەوەڕگا، شارەکەش لەناوەڕاستیدا دەبێت.
[16] ئەمەش پێوانەکانییەتی، لای باکوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای باشوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای ڕۆژهەڵات چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای ڕۆژئاوا چوار هەزار و پێنج سەد باڵ.
[17] بۆ شارەکەش لەوەڕگا دەبێت بەرەو باکوور دوو سەد و پەنجا باڵ ، بەرەو باشوور دوو سەد و پەنجا، بەرەو ڕۆژهەڵات دوو سەد و پەنجا، بەرەو ڕۆژئاوا دوو سەد و پەنجا باڵ.
[18] ئەوەی لە درێژییەکە دەمێنێتەوە تەریب بە بەشە تەرخانکراوەکە، دە هەزار باڵ ڕووەو ڕۆژهەڵات و دە هەزار باڵ ڕووەو ڕۆژئاوا، بەروبوومەکەی دەبێت بە خواردن بۆ کرێکارانی شارەکە.
[19] کرێکارەکانی شارەکەش کە لە زەوییەکە کار دەکەن، لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل دەبن.
[20] هەموو بەشەکە چوارگۆشەیی دەبێت، ئەندازەی هەر لایەکی بیست و پێنج هەزار باڵە. بەشە تەرخانکراوەکە لەگەڵ موڵکی شارەکە تەرخان دەکەن.
[21] «ئەوەی دەمێنێتەوە لەم لا و لەو لای بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکەش بۆ میر دەبێت. سنووری زەوی میرەکە بەرەو ڕۆژهەڵات لە بیست و پێنج هەزار باڵەکەی بەشە تەرخانکراوەکەوە هەتا سنووری ڕۆژهەڵات دەبێت، بەرەو ڕۆژئاواش لە بیست و پێنج هەزار باڵەکەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست. هەردوو ناوچەکەی تەریب بە بەشی هۆزەکان موڵکی میر دەبن، بەشە تەرخانکراوەکەش لەگەڵ پیرۆزگای پەرستگاکەش لەناوەڕاستیان دەبێت.
[22] ئیتر موڵکی لێڤییەکان و موڵکی شارەکەش لە ناوەڕاستی بەشی میرەکە دەبن. بەشی میرەکە لەنێوان سنووری یەهودا و سنووری بنیامین دەبێت.
[23] «سەبارەت بە ئەو هۆزانەش کە ماونەتەوە: لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ بنیامین بەشێک دەبێت:
[24] «لەسەر سنووری بنیامین لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ شیمۆن بەشێک دەبێت.
[25] «لەسەر سنووری شیمۆن لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ یەساخار بەشێک دەبێت.
[26] «لەسەر سنووری یەساخار لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ زەبولون بەشێک دەبێت.
[27] «لەسەر سنووری زەبولون لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ گاد بەشێک دەبێت.
[28] «سنووری گاد لەلای باشوور بەرەو باشوور دەبێت، سنوورەکەش لە تامارەوە بۆ مێرگی مەریبای قادێش، لە دۆڵی میسرەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست .
[29] «ئەمە ئەو خاکەیە کە بە میرات بەسەر هۆزەکانی ئیسرائیلدا دابەشی دەکەن و ئەمەش بەشەکانیان دەبێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
[30] «ئەمانەش دەروازەی چوونە دەرەوەن بۆ شارەکە: ئەندازەی لایەکی شارەکە ڕووەو باکوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵە،
[31] دەروازەکانی شارەکەش بە ناوی هۆزەکانی ئیسرائیلەوە دەبن، سێ دەروازە ڕووەو باکوور، دەروازەی ڕەئوبێن و دەروازەی یەهودا و دەروازەی لێڤی.
[32] «لەلای ڕۆژهەڵاتیش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی یوسف، دەروازەی بنیامین و دەروازەی دان.
[33] «لای باشووریش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی شیمۆن، دەروازەی یەساخار و دەروازەی زەبولون.
[34] «لای ڕۆژئاواش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی گاد، دەروازەی ئاشێر و دەروازەی نەفتالی.
[35] «چێوەکەش هەژدە هەزار باڵ دەبێت. «ناوی شارەکەش لەو ڕۆژەوە دەبێتە: یەزدان لەوێیە.»