Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:57

[1] پاشان پیاوەکە منی هێنایەوە شوێنی هاتنە ژوورەوە بۆ پەرستگاکە و بینیم ئاو لەژێر سەکۆی دەروازەی پەرستگاکەوە هەڵدەقوڵێت و بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات، چونکە پەرستگاکە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. ئاوەکان لەژێر لای ڕاستی پەرستگاکە لە باشووری قوربانگاکە بەرەو خوار دەڕۆیشتن.

[2] ئینجا لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی بردە دەرەوە، لە دەرەوە منی بە ڕێگاکەدا سووڕاندەوە هەتا دەروازەکەی دەرەوە لەو ڕێگایەی ڕووی بەرەو ڕۆژهەڵاتە و ئەوەتا ئاو بەلای باشووردا دەڕوات.

[3] کاتێک پیاوەکە بەرەو ڕۆژهەڵات چووە دەرەوە گوریسێکی پێوانەشی بە دەستەوە بوو و هەزار باڵی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکەش هەتا هەردوو قولەپێ بوو.

[4] دووبارە هەزار باڵی دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە تاکو هەردوو ئەژنۆ بوو. پاشان هەزاری دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە هەتا ناوقەد بوو.

[5] بە هەمان شێوە هەزاری دیکەی پێوا و بینیم ڕووبارێکە کە نەمتوانی بپەڕمەوە، چونکە ئاوەکە هەستابوو. ئاوی مەلەکردن بوو، ڕووبارێک بوو کە بواری پەڕینەوەی لێ نەبوو.

[6] لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟» ئینجا بردمی و منی هێنایەوە کەناری ڕووبارەکە.

[7] کە گەڕامەوە ئەوەتا لە کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ داری زۆری لێ بوون.

[8] پێی فەرمووم: «ئەم ئاوە دەردەچێت بەرەو هەرێمی ڕۆژهەڵات و دادەبەزێت بۆ عەراڤا و ئینجا دەچێت بۆ دەریای مردوو. کە دێتە ناو دەریاکە، ئاوی دەریای مردوو سازگار دەکات.

[9] بۆ هەرکوێ ڕووبارەکە بچێت، کۆمەڵی زیندەوەران لەوێ دەژین و ماسیش زۆر زۆر دەبێت، چونکە ئەم ئاوە دەڕژێتە ناو ئاوە سوێرەکان و سازگاریان دەکات و هەموو ئەوەی ڕووبارەکەی بۆ بێت دەژیێت.

[10] لە کانی گەدی هەتا کانی عەگلەیم ماسیگرەکان لەسەر کەنارەکانی ڕادەوەستن و چەند شوێنێک دەبێت بۆ تۆڕ هەڵدان، ماسییەکانی جۆراوجۆر دەبن وەک ماسییەکانی دەریای سپی ناوەڕاست جۆرەکانی زۆر زۆر دەبێت.

[11] بەڵام گۆم و زۆنگاوەکانی سازگار نابن، بە سوێری دەمێننەوە بۆ خوێگرتن.

[12] لەسەر کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ هەموو دارێکی میوە دەڕوێت کە بەرەکانیان دەخورێت و گەڵاکانی وشک نابن و بەری لێ نابڕێت، بەڵکو هەموو مانگێک بەری تازە دەگرێت، چونکە ئاوەکەی لە پیرۆزگاوە دەردەچێت و بەرەکەی بۆ خواردن و گەڵاکانی بۆ دەرمان دەبن.»

[13] یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «بەپێی ئەم سنوورە خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن بەسەر دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل، یوسفیش دوو بەشی بەردەکەوێت،

[14] بۆتان دەبێت بە میرات، هەریەکە بەقەد براکەی، سوێندم خوارد بیدەمە باوباپیرانی ئێوە و ئەم خاکە دەبێتە میراتتان.

[15] «ئەمە سنووری خاکەکەیە: لەلای باکوور لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە، لە ڕێگای حەتلۆن دەروازەی حەمات تێ دەپەڕێت هەتا دەگاتە چەداد

[16] و بێرۆتا و سیڤرەیم کە لەنێوان سنووری دیمەشق و سنووری حەماتە و حەچەر هەتیخۆن کە لەسەر سنووری حەورانە.

[17] سنووریش لە دەریاوە هەتا حەچەر عێینان درێژ دەبێتەوە، بە باکووری شاری دیمەشقدا دەڕوات هەتا باشووری هەرێمی حەمات. ئەمە شێوەی سنووری باکوور دەبێت.

[18] لای ڕۆژهەڵاتیش لە دیمەشقەوە هەتا حەوران دەپێون، پاشان کەناری ڕووباری ئوردون کە لەنێوان گلعاد و خاکی ئیسرائیلە، هەروەها دەریای مردوو هەتا تامار. ئەمە لای ڕۆژهەڵاتە.

[19] لای باشووریش، سنوورەکە لە تامارەوە هەتا مێرگی مەریبای قادێش دەڕوات، پاشان بە درێژایی دۆڵی میسر هەتا دەریای سپی ناوەڕاست، ئەمەش لای باشوورە.

[20] لای ڕۆژئاواش، دەریای سپی ناوەڕاست لە سنوورەکەوە هەتا بەرامبەر دەروازەی حەمات، ئەمەش لای ڕۆژئاوایە.

[21] «ئەم زەویانە بەپێی هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان بەش دەکەن.

[22] بە تیروپشک میراتەکە دابەش دەکەن بۆ خۆتان و بۆ ئەو نامۆیانەشی لەنێوتان نیشتەجێ بوون کە لەنێوتان منداڵیان دەبێت، لەناو نەوەی ئیسرائیل وەک هاوڵاتی هەژمارد دەکرێن، لەناو هۆزەکانی ئیسرائیل میراتتان لەگەڵ بەش دەکەن.

[23] نامۆکە لە سنووری هەر هۆزێک نیشتەجێ دەبێت، لەوێش میراتی دەدەنێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

حزقیێل — Chapters